پەیامی کورد- قامیشلۆ... ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی بەیاننامەیەک سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ ئەلشەرع بڵاودەکاتەوە
ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە)، دوێنێ چوارشەممە، بەیاننامەیەکی سەبارەت بەو دیدارە بڵاوکردەوە کە لەنێوان شاندەکەی و ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، لە دیمەشقی پایتەخت لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ئەنجامدرا.
ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: "بەڕێز سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع، ڕۆژی سێشەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٦، پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا کرد، ئەوەش دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێز ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوە لە ٢ی شوباتدا".
ڕوونیشی کردەوە کە دیدارەکە باسی لە پرسە نیشتمانییەکان کردووە، لەوانە دۆزی کورد و پەنابردن بۆ گفتوگۆ لە چارەسەرکردنی ئەم پرسانەدا و ڕێگاکانی بونیادنانی سووریایەکی نوێ.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەنجومەن پێداچوونەوەی بە هەڵوێستە نیشتمانییەکانی خۆیدا کردووە لە سەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی سیاسیی کوردییەوە و داوای کردووە سووریایەکی دیموکراسی بۆ هەموو سوورییەکان هەبێت و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا دەستەبەر بکرێت".
ئەنجومەنەکە پێشوازی خۆی بۆ مەرسوومی ژمارە /١٣/ وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ دەربڕی و داوای کرد تەواو بکرێت و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا بچەسپێنرێت، بە ناسنامە فرە نەتەوە و فرە ئایینەکەیەوە، بە شێوەیەک کە دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا مسۆگەر بکات.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆک ئەلشەرع جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەو مەزڵوومیەتانە کردووەتەوە کە پێشتر کورد ڕووبەڕووی بووەتەوە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی بەشدارییان لە هەموو ئاستەکاندا لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پەنابردن بۆ گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوام، و دوورکەوتنەوە لە گوتاری ڕقوکینە، و بونیادنانی متمانەی بەرامبەر کردووەتەوە، بەو شێوەیەی کە بەشدار بێت لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بونیادنانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان.