پەیامی کورد... وەزیری بەرگریی تورکیا: ئاسایشمان بەستراوەتەوە بە ئاسایشی دیمەشقەوە
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە ئاسایشی تورکیا بەستراوەتەوە بە ئاسایشی سووریاوە، و ئەنقەرە لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی سووریا دەکات.
تەئکیدی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی حکوومەتی سووریا دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی سووریادا.
گولەر ئەوەشی زیاد کرد کە تورکیا پشتگیری لەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان چەسپاندنی دادپەروەرییە لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سووریادا، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاشتیی نێوخۆیی.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاسایشی تورکیا و ئاسایشی سووریا یەکەیەکی پێکەوەبەستراون و لێک جیا ناکرێنەوە، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی کارکردن بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پاراستنی لە هەر هەڕەشەیەک کردەوە.