پەیامی کورد... وەزیری جەنگی ئەمریکا: بە هێزێکی تێکشکێنەرەوە تۆڵەی ئەو دوو سەربازە دەکەینەوە کە لە هێرشەکەی سووریادا کوژران
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە، وتی: "بە هێزێکی تێکشکێنەرەوە تۆڵەی ئەو دوو سەربازە دەکەینەوە کە بە تەقەی تیرۆریستە ئیسلامییەکان لە سووریا کوژران".
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوو سەربازی ئەمریکی و مەدەنییەکی ئەمریکی کوژراون، هاوکات سێ سەربازی دیکە بریندار بوون، ئەوەش لە ئەنجامی بۆسەیەکدا کە چەکدارێکی ڕێکخراوی "داعش" لە سووریا داینابۆوە.
وەزیرە ئەمریکییەکە لە تویتێکدا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس"ـەوە وتی: "داواتان لێدەکەم ئەمڕۆ لەگەڵم بەشداربن لە نزا کردن بۆ گیانی سەربازە ئازاکانمان لە سوپادا، ڕەقیب ئێدگار برایان تۆرێس تۆڤار و ڕەقیب ویلیام ناسانیێل هۆوارد، کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لەسەر دەستی تیرۆریستە ئیسلامییەکان لە سووریا کوژران".
لە تویتەکەدا سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان کردووە و هیوای "سەبووری و ئارامی لەم کاتە سەختەدا" بۆ خواستوون.
و جەختیشی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە "هێزێکی تێکشکێنەرەوە" تۆڵەی ئەو ئەمریکییانە دەکاتەوە کە گیانیان لەدەستداوە.