پەیامی کورد ... وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا : پاریس پشتیوانی لە دانانی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەكات
ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند کە پاریس پشتیوانی لە دانانی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکیتی ئەورووپا دەكات.
بارو ئاماژەی بەوەش کرد، فەرەنسا هاوشانی ووڵاتانی دیکەی ئەورووپا ڕۆژی پێنج شەممە لە برۆكسێل سزای نوێ بەسەر ئەو کەسانەدا كە بەرپرسن لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران پەسەند دەكەن. ئەم سزایانە بریتی دەبێت لە قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی ئەو بەرپرسانە بۆ ناو خاکی ئەورووپا و داخستنی سەروەت و سامانەکانیان.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختی لەوە کردەوه که سەركوتی ڕاپەڕیوانی ڕاپەرینی ئاشتیانەی گەلی ئێران نابێ بێ ووڵام بمێنێتەوە. ناوبراو زیادی کرد: ئازایەتی و خۆڕاگری گەلی ئێران بەرامبەر بە تووندوتیژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ لە ئاستی نێودەوڵەتی دا پشتیوانی بکرێ و ڕێوشوێنی سەرکوتكەرانە دژ بە گەلی ئێران ناتوانێ بێ سزا بمێنێتەوە.
بارۆ لە درێژەدا داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە دەست بەجێ زیندانییانی سیاسی ئازاد بکات و کۆتایی بە لەسێدارەدان بهێنێت و گەمارۆی دیجیتاڵی هەڵبگرێت و ڕێگە بە ئەرکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لە ئێران ئەنجام دراون.