پەیامی کورد ... ڕاوێژکاری پێشووی ووزەی کۆشکی سپی: ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە سەدا ٧٥ ــە
باب مەكنلی، دامەزرێنەری گرووپی ووزەی ڕاپیدان و ڕاوێژکاری پێشووی ووزەی کۆشکی سپی، ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژان یان هەفتەکانی داهاتوودا بە نزیکەی لەسەدا ٧٥ هەڵسەنگاند.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی، مەكنلی بە ئاماژەدان بە کاردانەوەی بازاڕەکانی ووزەی جیهانی ڕایگەیاند کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت نزیکەی لەسەدا ٥ زیادی کردووە و لە سەرەتای ئەمساڵ ەوە بە ڕێژەی لەسەدا ١٤ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە؛ ڕەوتێک کە بە ووتەی ئەو نیشان دەدات کە بازاڕ لە نموونەی یەك ساڵەی دابەزینی هەنگاو بە هەنگاوی نرخەكان دەرچووە.
ناوبراو هۆشداری دا لەوەی ئەم جارە دۆخەكە "ڕاستەقینە"یە و بازاڕەکان لە دۆخی نرخدانانی ڕیسكی دان کە ڕەنگە ببێتە هۆی پچڕانی بەردەوام لە ڕۆیشتنی ووزەی جیهانی دا. مەكنلی جەختی لەوە کردەوە کە وەبەرهێنەران لە حیساباتەکانیاندا بە جددی سیناریۆی گرژی سەربازییان لەبەرچاو گرتووە.
بە وتەی ئەو شارەزایەی وزە، مەترسی گەورەتر لەو ناوەدا، ئەگەری هەنگاوی کۆماری ئیسلامی بۆ داخستنی گەرووی هورمزە، کە ڕێڕەوێکی ستراتیژییە و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان و بەشێکی بەرچاو لە گازی سرووشتی شل (LNG)ی تێدا تێدەپەڕێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هەر پەککەوتنێکی ئەم ڕێگایە دەتوانێت لێکەوتەی بەرفراوان و دەست بەجێی بۆ بازاڕەکانی ووزەی جیهانی هەبێت.