هێزە ئەمنییەکانی حکومەت چوونە ناو شاری قامیشلۆ

Dîroka Belavkirin :
هێزە ئەمنییەکانی حکومەت چوونە ناو شاری قامیشلۆ
پەیامی کورد- قامیشلۆ... هێزە ئەمنییەکانی حکومەت چوونە ناو شاری قامیشلۆ

هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا، پاشنیوەڕۆی سێشەممە، چوونە ناو شاری قامیشلۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەوەش بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە.

نزیکەی ٣٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی هێزەکانی حکومەت کە زیاتر لە ١٠٠ ئەندام و سەرکردەیان هەڵگرتبوو، لە ڕێگەی دەروازەی ڕۆژئاوای شارەکە (ڕێگای عاموودا) چوونە ناو شارەکە و گەیشتنە چوارگۆشەی ئەمنی لە ناوەندی شارەکەدا. هێزەکانی "ئاساییش" هاوڕێیەتی هێزەکانی حکومەتیان کرد بۆ دەستەبەرکردنی گەیشتنیان بە سەلامەتی بۆ ناو شارەکە.

نورەدین ئەلبابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ چوینە ناو شاری قامیشلۆ و کەشوهەواکە زۆر ئەرێنی بوو".

ئەلبابا لە کاتی قسەکردنیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەبەردەم یەکێک لە بارەگا ئەمنییەکانی قامیشلۆ وتی: "لە کاتی چوونە ناوەوەماندا گرنگیپێدانێکی زۆر لە لایەن هێزەکانی ئاساییشەوە هەبوو و ڕێکخستنێکی بەرچاو بەدی دەکرا، سوپاسی هەوڵەکانیان دەکەین و سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەشیان دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە گەلی سووریا پێویستی بەم کەشوهەوا ئەرێنییە هەیە.

وتیشی: "ئەمڕۆ گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە سەرکەوت، و ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و سووریایەکی نوێ بونیاد دەنێین، بەدوور لە تۆڵەسەندنەوە و گوتاری ڕقوکینە و پەرتەوازەیی."

ڕوونی کردەوە کە "سووریا بە بازووی هەموو ڕۆڵەکانی بونیاد دەنرێت، چ عەرەب بن یان کورد، تورکمان، سریانی یان پێکهاتەکانی دیکە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگای حەسەکە بە تایبەتی پێویستی بە خوێنی زیاتر نییە، بەڵکو پێویستی بە گەشەپێدانی زۆر هەیە، وتیشی دوای ئەم ڕێککەوتنە و دوای چوونە ناوەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، حەسەکە وەک دڵێکی نوێ بۆ ئابووری، ئاوەدانکردنەوە و شارستانییەتی سووریا لێ دەداتەوە.