پەیامی کورد... ڕوبیۆ: ڤەنزوێلا بووەتە پلاتفۆرمێک بۆ کاریگەری ئێران و حزبوڵڵا
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڤەنزوێلا پێگەیەک بۆ ئێران و سوپای پاسدارانی ئێران و تەنانەت حزبوڵای لوبنانیش دابین دەکات.
ڕوبیۆ زیادی کرد: ڤێنیزوێلا بۆتە سەرچاوەی ناسەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکە.
لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس نیوز، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە ڕژێمی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ڕێگە بە قاچاخکردنی کۆکاین و ماددە هۆشبەرەکانی دیکەی بەرهەمهێنراو لە کۆڵۆمبیا دەدات لە ڕێگەی خاکی ڤەنزوێلاوە بۆ ناو ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێگەی بە ئەرکێکی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکەدا داوە.
مارکۆ ڕوبیۆ ڕوونیکردەوە: "ئەو ڕاستییەی کە مادۆرۆ ناڕەحەت بووە لە مۆڵەتی سەرۆکایەتی دژی ماددە هۆشبەرەکان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بە قاچاخ لە ڤەنزوێلا دەهێنرێنە دەرەوە".