پەیامی کورد ... ڕێگری لە دەست ڕاگەیشتنی دەرمانی زەینەب جەلالییان لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە
زەینەب جەلالیان، تاكە بەندكراوی ژنی سزادراو بە سزای بەندکرانی هەتایی لە ئێران، لەگەڵ ڕێگری بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندی یەزد و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ پێڕاگەیشتنی دەرمانی بەرەڕوو بووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بەردەوامی دۆخی نالەباری جەستەیی زەینەب جەلالییان، بەندکراوی سیاسی کورد و ڕێگری لە تەواوکردنی قۆناغی دەرمانی ناوبراو لە بەندیخانەی یەزددا کردووە.
ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوە داوە کە زەینەب جەلالییان کە چەندین مانگ بەدەست نەخۆشی ژنانەوە دەیناڵاند لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ دا و دوای فشارە نێونەتەوەییەکان، بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە ڕاگوێزراوە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو بەندکراوە سیاسی یە تەنیا ٢٤ کاتژمێر دوای نەشتەرگەرییەکەی بۆ بەندیخانە گەڕێندراوەتەوە.
ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان باس لەوە دەکات زەینەت جەلالییان، لە دوای گەڕاندنەوەی بۆ بەندیخانە، برینەکەی خوێنڕێژی کردووە و ئازارکێشانی زۆری ناوبراو و دۆخی نالەباری جەستەییەکەی نیگەرانی زۆری بنەماڵەکەی و ڕێکخراوەكانی ماف مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی بەدواوە بووە.
شایانی باسە بە ووتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەری بۆ زەینەب جەلالییان کردووە داوای لە پزیشکانی ئەو بەندیخانەیە کردووە کە بەخێرایی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بکرێت، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی یەزد ئەو داواکارییەیان ڕەت کردووەتەوە.