ڤیتکاف : پێشکەوتنی بەرچاو لە پرسی گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکراین بەدەست هاتووە
🔸 ئەمە یەکەم دەرکەوتنی کەسییان دەبێت لە لووتکەکەدا، کە تیایدا پلانی ئاشتی بۆ ئۆکراین تاوتوێ دەکرێت. بەگوێرەی ئەو کەناڵە هەواڵییە، بڕیارە نوێنەرانی 35 ووڵات ئامادەبن، لەوانە ڕاوێژکاری ئاڵمانیا، ستارمەر، مالۆنی، کارنی و زێلنسکی.
ستیڤن ڤیتکاف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند کە پێشکەوتنی بەرچاو لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیرادەدارەکان سەبارەت بە پشتیوانی کردنی کیێڤ بەدیهاتووە و ئاماژەی بە پێشکەوتنی گەورە لە پرسی گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکراین کرد.
ڤیتکاف ووتی: ئێمە پێمان وایە کە تا ڕادەیەکی زۆر پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکانمان تەواو کردووە، ئەمەش بۆ گەلی ئۆکراین گرینگە بزانن ئەم شەڕە بۆ هەمیشە کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، "بژاردەی خاکی" "هەستیارترین پرس" دەبێت و "هیوادارین بتوانین لەم بارەیەوە بگەینە هەندێک سازش".
هاوکات ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکراین بەیاننامەی نیازیان واژووکرد بۆ جێگیرکردنی هێزێکی فرەنەتەوەیی لە ئۆکراین دوای ئاگربەست.
ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزە کە چەند مانگێکە لەژێر بیرکردنەوەدایە، مەبەست لێی "پێشکەشکردنی جۆرێکە لە دڵنیایی لە ڕۆژانی دوای ئاگربەستەکە".
سەرۆکی فەڕەنسا هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند، ئەو گەرەنتییە ئەمنییانەی کە ووڵاتانی هاوپەیمانی سەرەکی ئەورووپی بەنیازن دوای ئاگربەستێکی ئەگەری بە پشتیوانی ئەمریکا دابینی بکەن، دڵنیای دەدات لەوەی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە داهاتوودا پێشێل نەکرێت.
هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئۆکراین و نوێنەرانی ئەمریکا لە پاریس کۆبوونەوە بۆ لووتکەیەک کە ئامانج لێی درووستکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش بوو سەبارەت بە گەرەنتییە ئەمنییەکان کە دەدرێت بە کیێڤ و پێناسەکردنی پێکهاتەی "هێزێکی فرەنەتەوەیی" ئەگەر ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ڕووسیا ئەنجام بدرێت. ڕەشنووسی بەیاننامەکە ئاشکرای کردووە کە “هاوپەیمانەکانی ئۆکراین ئامادەن گەرەنتی ئەمنی یاسایی پابەندکەر پێشکەش بکەن.”
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە ڕەشنووسی ڕاگەیاندنی “هاوپەیمانی ئیرادەییەکان”دا هاتووە کە ئەمریکا بە بەشداری ئەورووپی “چاودێری” ئاگربەست لە ئۆکراین دەکات.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەمریکا “پشتیوانی” لە هێزی فرەنەتەوەیی ئەورووپی دەکات “لە ئەگەری هێرشی ڕووسیا”.
لوتکەکە دوای کۆبوونەوەی نێوان زێلێنسکی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم دا هات و پەیوەندییەکانی نێوان ترامپ و هاوتا ڕووسییەکەی ڤلادێمیر پووتین نەیتوانی هیچ پێشکەوتنێک لە خاڵێکی سەرەکی مشتومڕدا بەرهەم بهێنێت، لەنێویاندا دەست بەسەرداگرتنی خاکی ئەو ووڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین کە مۆسکۆ ئیدیعای دەکات.
چەند ڕۆژێک پێشتر کرێملین ڕایگەیاند کە هەڵوێستی خۆی توندتر دەکات دوای ئەوەی ئۆکراین تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێ بوونی پووتین بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، تۆمەتێک کە کیێڤ ڕەتی کردەوە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پووتین دووپاتی کردەوە کە ووڵاتەکەی لە ئۆکراین ئامانجەکانی دەگات، یان لە ڕێگەی دانووستان یان بە هێزەوە، لە کاتێکدا هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین بەردەوامن لە پێشڕەوی.