کەنەدا ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەردەهێنێت

Dîroka Belavkirin :
کەنەدا ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەردەهێنێت
پەیامی کورد- دیمەشق... کەنەدا ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەردەهێنێت


شەوی ڕابردوو (هەینی)، کەنەدا ڕایگەیاند کە ناوی سوریای لە لیستی وڵاتانی بیانیی پاڵپشتیکاری "تیرۆر" لابردووە، هەروەها "دەستەی تەحریری شام"یشی لە لیستی قەوارە "تیرۆریستییەکان" سڕیوەتەوە.

حکومەتی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەم ڕێوشوێنانە هاوتەریبن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی کە لەم دواییانەدا لەلایەن هاوپەیمانەکانمانەوە دراون، لەوانەش شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکان، و ئەمەش لە دوای ئەو هەوڵانە دێت کە حکومەتی گوازرەوەی سوریا دەیدات بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری سوریا و بنیاتنانی ئایندەیەکی گشتگیر و ئارام بۆ هاوڵاتیانی، هەروەها کارکردن لەگەڵ هاوبەشە جیهانییەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی گوازرەوەی سوریا، پێشوازی لە بڕیارەکەی حکومەتی کەنەدا کرد و ڕایگەیاند: "ئەم بڕیارە بە پێشهاتێکی ئەرێنی دەزانین کە ڕەنگدانەوەی درککردنە بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سزاکان لەسەر سورییەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد کە سوریا ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی ئەرێنی، بەشێوەیەک کە بەشداری بکات لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بوژاندنەوەی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە، و لە بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بێت.