پەیامی کورد- لازقییە... گرژیی ئەمنی و دەستگیرکردن لە خۆپیشاندانەکانی کەناراوەکانی سووریا
ئەمڕۆ یەکشەممە، شارەکانی کەناراوەکانی سووریا و هەندێک شارۆچکەی دەوروبەری حەما، چەندین خۆپیشاندانیان بەخۆوە بینی کە لەسەر بانگهێشتێکی غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی ئەنجام دران. خۆپیشاندانەکان چەند کاتژمێرێکیان خایاند و تێیاندا گرژیی ئەمنی، دەستگیرکردن و کوژراو و برینداربوونی لێکەوتەوە.
ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا و هەندەران، ڕۆژی یەکشەممە، کۆمێنتی لەسەر ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا و ئەو ناوچانەی دیکە دا کە هاووڵاتیانی تائیفەی "عەلەوی" لێ نیشتەجێن؛ ئەنجومەنەکە ئەو هێرشانەی شەرمەزار کرد کە کرانە سەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە کاتی کۆبوونەوەیان لە شارەکانی کەناراوەکان و ناوچەکانی حومس و حەما.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند کە هێرشی چەکداری کراوەتە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندانەکان و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندەرانیان لە ئەستۆ بووە، و "پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو"ی بە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە تۆمەتبار کرد.
چەند ناوچەیەکی کەناراوەکانی سووریا و شارەکانی دیکە، دوای بانگەوازەکەی غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی بۆ ئەنجامدانی مانگرتن و خۆپیشاندان، خۆپیشاندانیان بەخۆوە بینی.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند: "چەکدارانی پاشماوەی ڕژێمی ڕووخاو سوودیان لەو گردبوونەوانە وەرگرتووە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە بەکارهێنانی فیشەکی ڕاستەقینە"، و جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لەو هێزانەی کە ئەرکی پاراستنی ناڕەزایەتییەکانیان لەسەر بووە.
ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا و هەندەران لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە "سڤیلە بێدیفاعەکان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە تیرۆر و ترساندنێک بوونەتەوە کاتێک بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانیان هاتوونەتە سەر شەقام". هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان کراوە، پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا مرۆییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە کە مافی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەیان مسۆگەر کردووە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە دیمەنی ئەمڕۆی ناو گۆڕەپانەکان بێدەنگیی نێودەوڵەتی شەرمەزار دەکات و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی دەخاتە ئەستۆی هەموو ئەو لایەنانەی کە چاوپۆشی لێ دەکەن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەنجومەنەکە داوای لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز کرد کە ئاگاداری سەلامەتی خۆیان بن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، لە کاتێکدا جەختی لە پابەندبوونی تەواو بە مافە ڕەواکان کردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەڵبگرێت و کۆتایی بەم پێشێلکارییە قورسانە بهێنێت.