پەیامی کورد... یەکێتیی ئەورووپا: بارودۆخی سووریا ڕێگە بە دەستپێکردنی گەڕاندنەوەی پەنابەران نادات
یەکێتیی ئەورووپا، ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاند کە بارودۆخی سووریا باشتربوونی پێویستی بەخۆوە نەبینیوە کە ڕێگە بە وڵاتانی یەکێتییەکە بدات دەست بکەن بە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان.
ماگنوس برۆنەر، کۆمیساری ئەورووپا بۆ کاروباری ناوخۆ و کۆچ، ڕایگەیاند: "بارودۆخی سووریا ئەوەندە باش نەبووە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەست بکەن بە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووری بۆ نیشتمانەکەیان."
برۆنەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوە کرد: "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو خاڵەی کە سووریا تێیدا ئەوەندە سەقامگیر بێت کە بتوانرێت پرۆسەی دەرکردن (دیپۆرتکردن) لەسەر ئاستێکی فراوان ئەنجام بدرێت."
ڕوونیشی کردەوە کە سووریا "تا ئێستا بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا وەک وڵاتێکی ئارام هەژمار ناکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێتییەکە "پاڵپشتی پێشکەش دەکات بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە و کارکردن بۆ گۆڕینی."
کۆمیسارە ئەورووپییەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە "جگە لە تاوانباران، جەختی سەرەتایی لەسەر هاندانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەرانە بۆ وڵاتەکەیان کە بەهۆی جەنگی ناوخۆوە وێران بووە."