پەیامی کورد- قامیشلۆ... مەزلووم عەبدی: ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا شەڕی ڕاگرت و مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەپارێزێت
ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا شەڕی ڕاگرتووە و مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەپارێزێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "ڕۆناهی"ی کوردی وتی: "دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کە لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئەحمەد ئەلشەرع ئەنجاممدا، ئەمڕۆ ڕێککەوتنێکمان واژۆ کرد و بۆ گەلی سووریامان ڕاگەیاند."
ڕوونی کردەوە کە هێزێکی سنوورداری ئاسایشی ناوخۆ دەچنە ناو "چوارگۆشەی ئەمنی" لە حەسەکە و قامیشلۆ بە مەبەستی جێبەجێکردنی کردەیی ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەکە.
وتیشی کە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان ئەرکی چەسپاندنی ئاسایش لەناو ناوچە کوردییەکاندا دەگرنە ئەستۆ، و بەردەوام کار دەکەین بۆ تێکەڵکردنیان لە وەزارەتی ناوخۆی سووریادا.
هەروەها وتی، فەرمانبەرانی ناوخۆیی و دانیشتووانی ناوچە کوردییەکان لە کۆبانێ و جەزیرە، خۆیان ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێککەوتنەکە لە دووی شوباتی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنی کردەیی، و بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە هێزەکانی ئێمە و هێزەکانی حکومەت لە هێڵەکانی شەڕ (بەرەکانی پێکدادان) لە کۆبانێ و جەزیرە دەکشێنەوە.
باسی لەوەش کرد کە هێزە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئێمە و دەوڵەتی سووریا دەکەن و گەرەنتی ڕێککەوتنەکە دەکەن، لەوانەش پەیوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع.
ڕوونی کردەوە کە لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع لەسەر دۆسیەی ڕفێندراوان، دیلەکان و بێسەروشوێنەکان قسەیان کردووە.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە هیچ پۆستێکی حکومی وەرناگرێت و لەناو کورداندا و لە تەنیشتیان دەمێنێتەوە، و کار دەکات بۆ دروستکردنی مەرجەعێکی سیاسی بۆ کورد لە سووریا.