پەیامی کورد- قامیشلۆ
یاسر سلێمان، وتەبێژی وەفدی ئیدارەی خۆسەر کە دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەکات، دوێنێ یەکشەممە ڕاگەیاند "گەشبینن بە ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سوریا، ئەحمەد شەرع بۆ واشنتۆن".
سلێمان زیادی کرد: گەشبینین بە ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆکی سوریا بۆ واشنتۆن، لەو ماوەیەدا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پرۆسەی یەکگرتن لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ئەمریکادا تەواو بکرێت.
دووشەممەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە شەرع کرد. دوای کۆبوونەوەکە، شەرع بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاند، باشترین چارەسەر سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمەریکا ئامادەن لە سوریا سەرپەرشتی پڕۆسەی یەکگرتن لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا بکەن.
وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر ڕایگەیاند، "ئێمە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەمیشە ئامادەیی تەواومان هەبووە و هەرواش ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، کە یەکگرتنی دامەزراوەیی- سەربازی، ئەمنی، ئیداری و مەدەنی. ئێمە هەرگیز نەبووینە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنیدا."