ئەمریکا شاندەکەی لە دانووستانەکانی ئاگربەستی غەززە دەکشێنێتەوە؛ ڤیتکاف حەماس تۆمەتبار دەکات

ئەمریکا شاندەکەی لە دانووستانەکانی ئاگربەستی غەززە دەکشێنێتەوە؛ ڤیتکاف حەماس تۆمەتبار دەکات
پەیامی کورد   ...   ئەمریکا شاندەکەی لە دانووستانەکانی ئاگربەستی غەززە دەکشێنێتەوە؛ ڤیتکاف حەماس تۆمەتبار دەکات

ستیڤ ڤیتکاف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە بەکاتی ناوخۆیی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس نێت (پێشتر تویتەر)، تۆمەتی دژی حەماس خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە، واشینتۆن دەستبەرداری دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە بووە و تیمی دانووستانکاری خۆی لە قەتەرەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕاوێژکردن، دوای کاردانەوەی ئەم دواییەی حەماس کە "ئاماژەیە بۆ نائامادەیی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە".

ڤیتکاف بانگەشەی کرد: لە کاتێکدا نێوەندگرەکان هەوڵێکی زۆریان داوە، بەڵام پێناچێت حەماس هەماهەنگ بێت یان بە نیازپاکی مامەڵە بکات. ئێستا بژاردەی بەدیل دەگەڕێین بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوە و هەوڵ دەدەین ژینگەیەکی سەقامگیرتر بۆ خەڵکی غەززە درووست بکەین.

ناوبراو بانگەشە کرد: "شەرمەزارییە کە حەماس بەم شێوازە خۆپەرستانە مامەڵەی کردووە" و ئەمریکا "بڕیار"ە بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی غەززە.

لەگەڵ خراپتربوونی بارودۆخی غەززە، ئیدارەی ترامپ ماوەی چەند مانگێکە نەیتوانیوە لە دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێشکەوتن بەدەست بهێنێت. لەم دواییانەدا ناوچەکە لە ماوەی زیاتر لە ٢١ مانگی شەڕدا کوشندەترین ڕۆژی خۆی بۆ کرێکارانی فریاگوزاری بەخۆیەوە بینی و لانیکەم ٨٥ فەلەستینی لە ڕۆژی یەکشەممەدا هەوڵی گەیشتن بە خۆراکیان دەدا کوژران.

ماوەی چەند هەفتەیەکە لایەنەکان لە قەتەر دانووستان دەکەن و ئاماژەیەکی بچووکی پێشکەوتنیان ڕاگەیاندووە بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی گەورەیان نەبووە. کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئیسرائیل ە لە دوای هەر ئاگربەستێک.

سەرەتای ڕۆژی پێنجشەممە، نووسینگەی بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ژێر تیشکی ووڵامی حەماس، تیمی دانوستانکاری خۆی بۆ ئیسرائیل بانگهێشتکردەوە.

لە بەیاننامەیەکی کورتدا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەوڵەکانی ڤیتکاف و نێوەندگیری قەتەر و میسری بەرز نرخاند، بەڵام ووردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.

بڕیارە ئەو ڕێککەوتنە کە لەژێر گفتوگۆدایە ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژە لەخۆ بگرێت و تیایدا حەماس ١٠ زیندانی زیندوو و تەرمی ١٨ کەسی دیکە بە قۆناغ ئازاد بکات لە بەرامبەر ئەو فەلەستینیانەی لە ئیسرائیل ڕاگیراون. هاوکارییەکان زیاتر دەبن و هەردوولا گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، دانووستانەکان بەهۆی داواکارییە ناکۆکەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکان وەستاون. حەماس ڕایدەگەێنێت، لە بەرامبەر کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل و کۆتایی هێنان بە شەڕەکان تەنها هەموو زیندانییەکان ئازاد دەکەن. ئیسرائیل دەڵێت تا حەماس دەست بەرداری دەسەڵات و داماڵینی چەک نابێت، ڕازی نابن بە کۆتاییهێنان بە شەڕەکان، ئەمەش مەرجێکە گروپەکە ڕەتیدەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند کە ڤیتکاف گەشت دەکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گفتوگۆکردن، بەڵام دواتر بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند ڤیتکاف لەبری ئەوە گەشت دەکات بۆ ئەورووپا.

ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە