شاندێکی سەربازی هاوبەش کە پێکهاتبوو لە ئەفسەرانی ڕووسیا، تورکیا و سوریا ڕۆژی دووشەممە گەیشتنە باشووری ڕۆژئاوای سوریا، ئەمەش یەکەمین سەردانێکی لەو شێوەیە بوو لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان لە پارێزگای قونەیترە، شاندەکە لە نزیکەی 15 ئۆتۆمبێلی جۆری SUV پێکهاتبوون، بە یاوەرییەوە نزیکەی 10 ئۆتۆمبێلی سەر بە ئاسایشی گشتی و پۆلیسی سەربازی سوریا و بەرەو کەرتی باکووری پارێزگاکە بەڕێکەوتبوون.
ئەو سەرچاوانە ڕوونیان کردەوە کە گەشتەکە لە شاری سەعسەع لە لادێکانی دیمەشق دەستی پێکردووە و بە ناوچەی بەیت جین کە تەنیشت قونەیتەرە تێدەپەڕێت، پێش ئەوەی بگاتە ناوچەی تەلولولحەمر کە پێشتر شوێنێکی سەربازیی ڕووسیا بووە. پاشان ڕێگاکە بەرەو لادێی ناوەڕاستی قونەیترە بەردەوام بوو.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، شاندەکە پشکنینی ئەو شوێنە سەربازییانەیان کردووە کە پێشتر وەک بارەگایەک بۆ هێزەکانی ڕوسیا کارییان کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێزەکانی ئاسایشی گشتی سوریا بەدرێژایی ڕێگاکەیان ئامادەبوونێکی ئەمنی قورسیان هەبووە.
پاشخانی سیاسی و سەربازی بۆ گەشتەکە
چاودێران ئەم سەردانەیان بەستەوە بەو لێکتێگەیشتنانەی کە لە سەردانەکەی ئەحمەد ئەلشەرا سەرۆک کۆماری سوریا بۆ مۆسکۆ لە مانگی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە، هەروەها بە هاتنی دوێنێی جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا بۆ دیمەشق. ئەوان پێیان وایە کە دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە باشووری سوریا ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو بیانووانەیە کە ئیسرائیل بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بوونی سەربازی خۆی لە پارێزگاکانی گوندنشینی دیمەشق و قونەیترە و دارا کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ەوە ناوچەیەکی فراوانی کۆنترۆڵکردووە و دەیان هاوڵاتی مەدەنی دەستگیرکردووە، بەپێی ڕاپۆرتەکە.