دوای 12 ساڵ سعودیە باڵیۆزخانەکەی لە سووریا دەکاتەوە

دوای 12 ساڵ سعودیە باڵیۆزخانەکەی لە سووریا دەکاتەوە

شانشینی سعودیە بۆ جاری یەکەم دوای 12 ساڵ باڵیۆزخانەکەی لە سووریا دەکاتەوە و باڵیۆزێکیش بۆ ئەو وڵاتە دیاری دەکات.

رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، میدیای سعودی رایگەیاندووە، فەیسەڵ بن سعود ئال موجفیل وەک باڵیۆزی سعودیە لە دیمەشق دیاریکراوە. باڵیۆزە نوێیەکەی سعودیە لە سووریا لە راگەیێنراوێکدا سوپاسگوزاری خۆی بۆ شا سەلمان، پادشای سعودیە و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دەربڕیوە.

دەڵێت، شەرەفمەندبووە بە دیاریکردنی وەک باڵیۆزی سعودیە لە سووریا. لە پێشووتردا فەیسەڵ ئال موجفیل باڵیۆزی سحودیە بووە لە کامیرۆن و لە هێزی سەربازیی سعودیەشدا جەنەراڵ بووە.

سعودیە لە ئاداری ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاساییکردەوە، ئەوەش دوای 11 ساڵ لە دابڕینی پەیوەندی بەهۆی سەرکوتکاری حکومەتی سووریا بەرامبەر خۆپێشاندەرانی سووریا کە لە دواتردا سەری کێشا بۆ شەڕی ناوخۆ و 500 هەزار کەس لەو کاتەوە کوژراون.

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دوای بومەلەرزە بەهێزەکەی شوباتی 2023 بوو کە تورکیا، باکووری کوردستان، سووریا و بەشێک لە رۆژئاوای کوردستانی هەژاند. سعودیە دەستی بە ناردنی هاریکاریی مرۆیی کرد بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە و تیمی فریاکەوتنی بۆ رزگارکردنی بریندارەکان نارد.

سووریا هەر دوای ئەوە گەڕایەوە نێو کۆمکاری عەرەب و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بەشداری لە لوتکەی کۆمکارەکە لە جەددە کرد.