پەیامی کورد ... عێراقچی : لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێکی گشتی لەسەر بنەما سەرەکییەکان
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە خولی دووەمی دانووستانەکانی عۆممان، تاران و واشینتۆن لەسەر کۆمەڵێک بنەمای گشتی ڕێککەوتوون بۆ دەستپێکردنی ئەگەری نووسینەوەی دەقی ڕێککەوتن . عێراقچی کەش وهەوای گفتوگۆوەکانی بە "سازێنەر و جیددی" وەسف کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەش دا کە هێشتا زووە باس لە ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەوڵە سیاسییانە، گفتوگۆی تەکنیکی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ خولی داهاتووی کۆبوونەوەکان دەستنیشان نەکراوە. ئەم پێشهاتانە نیشانەی هەوڵێکی نوێن بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو ووڵات بە نێوەندگیری عۆممان.