وەزیری دارایی : وەرگرتنی مووچە دەبێتە دیجیتاڵی و ئه‌و سیستەمه‌ی ئێستا نامێنێت

وەزیری دارایی : وەرگرتنی مووچە دەبێتە دیجیتاڵی و ئه‌و سیستەمه‌ی ئێستا نامێنێت
پەیامی کورد   ...   وەزیری دارایی : وەرگرتنی مووچە دەبێتە دیجیتاڵی و ئه‌و سیستەمه‌ی ئێستا نامێنێت

وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستەمی "هەژماری من" سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە لەڕێی کارتی بانکەوە هەم تەوتین دەکرێت، هەم خزمەتگوزاریەکی زۆری بانکی پێشکەش بە مووچەخۆران دەکرێت.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا، دەربارەی پرۆژەی "هەژماری من" ئاماژەی بەوە دا، هەڵمەتێکی ناڕەوا دژی پرۆژەکە کرا، دەبوایە وانەبووایە، سیستەمی "هەژماری من" سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە لەڕێی کارتی بانکەوە هەم تەوتین دەکرێت هەم خزمەتگوزاریەکی زۆری بانکی پێشکەش بە مووچەخۆران دەکرێت.

ناوبراو دەڵێت: پڕۆژەکە لەبەغدا و هەرێم بێنەو بەردەیەکی زۆری لەسەر درووست بوو دواجار دادگای فیدراڵی بابەتەکەی یەکلا کردەوە و، بەڕوونکردنەوەیەک ڕایگەیاند، هەموو ئەو بانکانەی لە ژێر کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیدان دەتوانن تەوتین بکەن، هەموو بانکەکانی ناو هەژماری من کە لە ئێستادا ژمارەیان هەشت بانکە و زیاتریش دەبن لەژێر کۆنترۆڵ و ڕێنمایی بانکی ناوەندیدان.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، چاوەڕوانی ئەوەن تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی "هەژماری من" 100% تەواو بێت و تەواوی فەرمانبەران و مووچەخۆران خۆیان لە سیستەمەکە تۆمار بکەن، ئێستا نزیکەی 500 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە سیستەمەکە تۆمار کردووە و ئەم مانگە 120 هەزار کەس لە ڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرت، لە هەولێر 96% و لە دهۆک لە 92% و لە سلێمانی لە 37% خۆیان تۆمار کردووە و ڕێژەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە.

ووتیشی: لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش سیستەمی وەرگرتنی مووچە دەبێتە دیجیتاڵی، واتە لە ڕێی بانکەوە نەبێت ناتوانیت مووچە وەربگیرێت، هەر کەسێک تا کۆتایی ئەمساڵ خۆی تۆمار نەکات و هەژماری بانکی نەبێت خۆی بەرپرسیار دەبێت چونکە ئەو سیستەمی دابەشکردنی مووچەیەی ئێستا نامێنێت، لە ڕێی ئەم سیستەمەوە مووچەخۆر دەتوانێت لە 15 ملیۆن و زیاتر سلفە و قەرز وەربگرێت.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئێستا عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات سیستەمێکی بانکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروست بکات، ئەو تەوتینەی عێراق لە بانکی ڕەشید و ڕافیدەین هەیە خزمەتگوزاریەکە وەک هی هەرێم پێشکەوتوو نییە و لەعێراقیش جگە لەبانکی حکوومی بانکی ئەهلیش بەشداریان لە تەوتینی مووچە کردووە.

ئاوات شێخ جەناب، لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، ووتی: لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە بە ناوی لێژنەی یەکخستنی ڕێدکارە ئیداری و دارایی و ژمێریاریەکان، لە بابەتی خانەنشینی پێشمەرگە لای ئێمە کار بەچەند یاسایەک کراوە ئەوەش پێویستی بەیکخستن و ڕێکخستنەوە هەیە، بۆ هەموو چین و توێژەکان پێویستە ڕێکاری پێویست بۆ ڕێکخستنەوە ئەنجام بدرێت.