پەیامی کورد ... داواکاری بەپەلەی ئەنجوومەنی "ژن، ژیان، ئازادی"ی ئاڵمانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان
داواکاری بەپەلەی ئەنجوومەنی "ژن، ژیان، ئازادی"ی ئاڵمانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕەوانەکردنی لیژنەیەكی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوونی لە سێدارەدراوەکان و دۆخی زیندانەکانی ئێران
ئەنجوومەنی "ژن، ژیان، ئازادی"ی ئاڵمانیا لە نامەیەکی کراوەدا ڕوو لە ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسانی مافی مرۆڤی ئەورووپا و بەرپرسی مافی مرۆڤی ئاڵمانیا ، خوازیاری هەوڵی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدانەكان و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی نامرۆڤانەی زیندانەکانی ئێران بوو.
لەم نامەیەدا بە ئاماژە بە لەسێدارەدانی زیاتر لە ١٣٠٠ کەس لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە، ئەم کردەوانەی بە "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" و بەشێک لە سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیکی ئێران وەسف کردووە.
ئەنجوومەنەكە بە دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە لەسێدارەدانی ڕۆژانە و بارودۆخی نامرۆڤانەی زیندان و مانگرتنی بەربڵاوی زیندانییان لە زیاتر لە ٥٢ زیندانی ئێران لەوانە قزڵحەسار، داوای ڕاگرتنی دەست بەجێی لەسێدارەدان، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی و لێپرسینەوەی بەرپرسانی ئێرانی کرد.