نیویۆرک تایمز: شەرع لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە نهێنی هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و قاعیدە کردووە

Dîroka Belavkirin :
نیویۆرک تایمز: شەرع لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە نهێنی هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و قاعیدە کردووە


پەیامی کورد- دیمەشق
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دوێنێ چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و قاعیدە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکات، ئەوکاتە دەستی بەسەر ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریادا گرت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، شەرع کە لەم حەفتەیەدا بۆ یەکەمجار سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، بە فەرمی ڕاگەیاندنی هاوکاری سیاسی و سەربازی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش واژۆکردووە. حەمزە ئەلمستەفا، وەزیری ڕاگەیاندنی سوریا دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە نوێنەرایەتی قۆناغێکی نوێ دەکات لە پەیوەندییەکانی سوریا و ئەمریکا دوای دەیان ساڵ لە دوورکەوتنەوە و گرژی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شەرع لە ساڵی ٢٠١٦ەوە هاوکارییە نهێنییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستپێکردووە، کاتێک سەرکردایەتی هەیئەت تەحریر شام دەکات لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، گروپێک کە ئەوکاتە بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی توندڕەو ناسراوە. لەو ماوەیەدا شەرع لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ لەگەڵ داعش بەشداری کرد و بەشداری کرد لە دەرکردنی لە ناوچە فراوانەکانی ئیدلب و حەلەب.
ڕۆژنامەکە لە زاری دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا و بەرپرسانی سوریاوە بڵاویکردەوە، شەرع زانیاری هەواڵگری هەستیاری لەبارەی شوێنی داعش و سەرکردەکانی قاعیدە لە ناو خاکی سوریادا پێشکەشکردووە و هاوکار بووە بۆ ئاسانکاریی هەندێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئامانجەکانی سەر بە هەردوو ڕێکخراوەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی نهێنی کە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوو.