پەیامی کورد ... گرووپی حەوت داوا لە کۆماری ئیسلامی دەكات وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بكات
لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە کانادا، داوا لە کۆماری ئیسلامی کرا کە بچێتە ناو وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و هاوکاری تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی دەست پێ بکاتەوە.
ووڵاتانی ئەندام جەختیان لەوە کردەوە کە ئێران دەبێ بە بەڵێننامە ئەتۆمییەکان لە چوارچێوەی پەیمانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی پابەند بێت و پشکنینەکان قبووڵ بکات. هەروەها داوایان له هەموو ووڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووه، سزای دووباره سەپێندراوی سەر تاران جێبەجێ بکەن.
گرووپی حەوت هاوکارییە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و کۆریای باکووری بۆ ڕووسیا مەحکووم کرد و بەڵێنی دا کە تێچووی ئابووری بۆ مۆسکۆ و پشتیوانەکانی زیاد بکات. ئەوان پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ئۆکراین ڕاگەیاند و جەختیان لەسەر پێویستی ئاگربەستی دەست بەجێی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین کردەوە.