ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" بڵاوی کردەوە، کە بازنەکانی بڕیاردان لە تەلئەبیب لە دۆخێکی نیگەرانیدان، بەهۆی ترس لەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە باشووری سووریا و لووتکەی چیای شێخ کە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە.
بەپێی ڕۆژنامەکە، لە ئێستادا تیمەکانی ئەندازیاری ئیسرائیلی کار لەسەر دروستکردنی ڕێگایەکی بەرز دەکەن کە بەرەو لووتکەی چیای شێخ بە بەرزی نزیکەی 2,800 مەتر دەڕوات، ئەم ڕێگایە تەنها یەک ساڵ پێش ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد بووە.
کۆمپانیاکانی بیناسازی ئیسرائیلی بەردەوامن لە نۆژەنکردنەوەی دوو شوێنی سەربازی لە ناوچەکەدا بۆ ئامادەکاری بۆ وەرزی زستانی داهاتوو، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە سوپای ئیسرائیل نیازی مانەوەی زیاتری هەیە لەوێ.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا کە واشنتۆن و دیمەشق ڕەنگە دیدگای جیاوازیان هەبێت سەبارەت بە داهاتووی بوونی ئیسرائیل، بەتایبەتی دوای ئەو کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرح و سەرۆکی ئەمریکای لە کۆشکی سپی کۆکردەوە.
ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە گفتوگۆکانی دوایی نێوان نوێنەرانی حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ و تیمی شەرع نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی بەرچاو، چونکە لایەنی ئیسرائیلی هەوڵدەدات بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێی ئاگربەست لەبری ڕێککەوتنە کۆنەکە کە لە ساڵی 1974ەوە لە نێوان ڕژێمی باوکی ئەسەد و پاشان کوڕەکەیدا مابووەوە تاوەکو ڕووخانی ڕژێمەکە یەک ساڵ پێش ئێستا.
بەرپرسانی ئیسرائیلی جەختیان لەوە کردەوە کە باس لە ڕێککەوتنی ئاشتی یان ئاساییکردنەوە ناکرێت، بەڵکو باس لە فۆرمولەیەک بۆ ئارامی دەکرێت کە ڕەنگە بۆ ئیسرائیل ئاڵۆز بێت ئەگەر ترامپ ناچاری ناتانیاهۆی بکات قبوڵی بکات، هاوشێوەی ڕێکخستنەکانی ئاگربەست لەگەڵ حەماس کە ڕێگەی بە حەماس داوە کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بکات.
هەروەها لایەنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل فشار دەخەنە سەر پاراستنی کۆنترۆڵکردنی لووتکەی چیای شێخی سووریا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پایەیەکی سەرەکییە بۆ ئاسایشی باکوور، بەهۆی توانای چاودێریکردنی جووڵە سەربازییەکان بەرەو بارەگای فەرماندەیی فیرقەی 210 لە گۆلان، جگە لە ڕۆڵی لە چاودێریکردنی ڕێڕەوەکانی قاچاخچێتی چەک لە سووریاوە بۆ لوبنان، بەتایبەتی بۆ "حزبوڵڵا".
ئیسرائیل لە ئێستادا تاوتوێی ئەگەری کشانەوە لە هەندێک لەم خاڵە سەربازییانە دەکات وەک وەڵامێک بۆ داواکاری سەرۆکی سووریا، لە بەرامبەر فۆرمولەیەکی نوێی ئاگربەست کە ئازادی جووڵەی بۆ دڵنیابکاتەوە دژی ئەو هەڕەشانەی کە ڕەنگە لە "حزبوڵڵا" یان ئێرانەوە سەرهەڵبدەن.
سەرەڕای ئەوەی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، جەختی لەوە کردەوە کە لووتکەی چیای شێخ هێڵی سوورە، بەڵام بڕیاری کۆتایی- بەپێی پێشبینییەکان- ڕەنگە لە هەردوو پایتەخت واشنتۆن و ئەنقەرە یەکلایی بکرێتەوە.