پەیامی کورد ... دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکی هەڵگری کەرەستەی سەربازی چین بۆ ئێران لە لایەن ئەمریكاوە
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ڕاگەیاندووە، مانگی ڕابردوو تیمێکی هێزە تایبەتەکانی ئەو ووڵاتە لە زەریای هیندی چوونەتە سەر کەشتییەک و دەستیان بەسەر بڕێک کەرەستەی سەربازی دا گرتووە کە لە چینەوە بەرەو ئێران دەگواسترانەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە، بارەکە پێکهاتەی وای تێدا بووە کە دەتوانرێت لە درووستکردنی چەکی ئاسایی ئێران دا بەکاربهێندرێت، هەربۆیە دوای دەست بەسەرداگرتنی، تەواوی بارەکە لەناوبراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی ئەمەریکا لە دووری سەدان کیلۆمەتر لە کەنارئاوەکانی سریلانکا چوونەتە سەر کەشتییەکە و پشکنیویانە، دوای دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە قەدەغەکراوەکان، ڕێگەیان بە کەشتییەکە داوە بەردەوام بێت لە گەشتەکەی.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمە یەکەم جارە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سوپای ئەمریکا لە دەریادا ڕێگری لە بارێکی بە ڕەچەڵەک چینی بکات کە بەرەو ئێران دەگواسترایەوە.
هەرچەندە ناوی کەشتییەکە و خاوەنەکەی ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەرپرسێکی دیکە ڕوونی کردووەتەوە کەرەستەکان "بەکارهێنانی دوولایەنە" (مەدەنی و سەربازی)یان هەبووە. ئەمەریکا لە ڕێگەی زانیاری هەواڵگرییەوە ئەوەی دەستکەوتووە کە ئەو بارە بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان نێردراوە بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە بەرنامە مووشەکییەکان دا.
ئەم ئۆپراسیۆنە پێشتر ڕانەگەێندراوە، بەشێکە لە هەوڵەکانی پێنتاگۆن بۆ تێکدانی تۆڕە نهێنییەکانی دابین کردنی چەک بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت دوای ئەو زیانانەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بە دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران گەیشتوون.