پەیامی کورد... ڕۆژنامەیەکی تورکی: تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ خێراکردنی گەڕانەوەی سوورییەکان
ڕۆژنامەیەکی تورکی، دوێنێ یەکشەممە، ئاشکرای کرد کە پلانێکی سێ قۆناغی هەیە بۆ خێراکردنی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری بۆ سووریا.
بەگوێرەی پلانەکە، "لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە داوا لە سوورییەکان دەکرێت لە کاتی وەرگرتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا بڕێک پارە (وەک بەشداریی دارایی) بدەن".
لەم دواییانەدا تورکیا دەستی کردووە بە گرتنەبەری هەنگاوی نوێ بۆ هاندانی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریادا.
ڕۆژنامەی "سەباح"ی تورکی بڵاویکردەوە، کە پلانەکە هەروەها "هەڵگرتنی پلەبەندیی مافی پاراستنی کاتی لەخۆدەگرێت، و هاوکاری دارایی لە سندوقێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشکەش دەکرێت".
وەرگرتنی مانەوە (ئیقامە) مەرجی توندتری دەبێت، "کە بریتییە لە خاوەندارێتی خانوویەک یان سەلماندنی نیشتەجێبوون بە گرێبەستێکی کرێی گونجاو، هەبوونی کار، و بیمەی تەندروستی، لەگەڵ پێشکەشکردنی پشکنینی ژمێرەی بانکی".
ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردەوە، ئەو سووریانەی کە مۆڵەتی مانەوە بەدەست ناهێنن، بۆ سووریا دەگەڕێندرێنەوە.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی ٦٠٠ هەزار پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە بۆ سووریا، لەکاتێکدا هێشتا تورکیا میوانداری نزیکەی ٢.٣٧ ملیۆن پەنابەری سووری دەکات کە لەژێر سیستەمی پاراستنی کاتیدان.