سودانی: پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی هاوبەش بەردەوامن

Dîroka Belavkirin :
سودانی: پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی هاوبەش بەردەوامن
پەیامی کورد... سودانی: پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی هاوبەش بەردەوامن


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوێنێ شەممە ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی هاوبەش بەردەوامن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییان هەیە و لیژنەیەکی هەماهەنگیی ئەمنیی دوولایەنەیان پێکهێناوە کە تا ئێستاش بەردەوامە لە کارەکانی.

سودانی لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، بەپێی ئەوەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، گوتی: "چاودێری دۆخی ئەمنی لە سووریا دەکەین کە گەشەکردنی تاقمەکانی داعشی تێدا بەدی دەکرێت. عێراق بەشێکە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها چالاکییەکی گرنگمان لەگەڵ لایەنی سووریا هەیە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان لەناو خاکی سووریادا ئەنجام داوە."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "لەگەڵ لایەنی سووریا باسمان لە پێویستی بونیادنانی پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کردووە کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت، لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵوێستێکی ڕوون بۆ ڕەتکردنەوەی تیرۆر و داعش و توندڕەوی."

سودانی ڕوونی کردەوە کە "عێراق سوورە لەسەر یەکپارچەیی و سەلامەتی خاکی سووریا، و دەرفەتی گەورەمان لەبەردەمدایە بۆ بووژانەوەی کەرتی ئابووری، لەوانەش پڕۆژەی هێڵی کەرکووک-بانیاس بۆ هەناردەکردنی نەوت."