پەیامی کورد... هەشت ئۆتۆمبیلی سەربازیی ئیسرائیل دەچنە ناو گوندەواری باشووری قونەیتەرە
هێزێکی سەربازیی ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە، چووە ناو گوندی "برێقە" لە گوندەواری باشووری قونەیتەرە، کە لە دەروازەی شارۆچکەی "بیر عەجەم"ەوە هاتبوون، و خاڵێکی پشکنینی کاتییان دروست کرد.
سەرچاوەیەکی خۆجێی ڕاگەیاند، ئەو هێزەی هاتووەتە ناوچەکە لە هەشت ئۆتۆمبیلی سەربازی پێکهاتبوو؛ چوار ئۆتۆمبێلی جۆری "هایلۆکس" و چوار زرێپۆشی جۆری "هەمەر"، کە چوونەتە ناو گوندەکە و لە چەند خاڵێکی نزیک لە دەوروبەری گوندەکە بڵاوەیان پێ کراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، چوار لەوان بەرەو گوندی "برێقەی کۆن" بەردەوام بوون لە جووڵە، لەکاتێکدا بەشەکەی تری هێزەکە خاڵێکی پشکنینی کاتییان لە دەوروبەری گوندەکە دانا، پێش ئەوەی دواتر بەرەو خاڵێکی سەربازیی ئیسرائیلی نزیک لە ناوچەکە بکشێنەوە.
ئەم پێشڕەوییە لە کاتێکدایە کە جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی گوندەواری قونەیتەرە لە تەنیشت هێڵی جیاکەرەوە (خط الفصل) بە شێوەیەکی ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە.