گرووپە چەکدارەکانی عێراق مەرج بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چەکدادان دادەنێن

Dîroka Belavkirin :
گرووپە چەکدارەکانی عێراق مەرج بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چەکدادان دادەنێن
پەیامی کورد    ...   گرووپە چەکدارەکانی عێراق مەرج بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چەکدادان دادەنێن

لە بەیاننامەیەکدا، دەستەی هەماهەنگی بەرگری عێراقی (کە پێکهاتوون لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران) هەڵوێستی خۆی لەبارەی چارەنووسی چەکەکانییەوە ڕاگەیاند و بە "پیرۆز" وەسفیان کردووە. ئەو دەستەیە مەرجی "بەدەستهێنانی سەروەری تەواو"ی عێراقی داناوە بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەسەر ئەم پرسە، تەنانەت لەگەڵ حکوومەتیش دا.

بەپێی بەیاننامەکە، ئەو دەستەیە چەک بە "زەمانەت و گەرەنتی پاراستنی خاک و پیرۆزییەکان" وەسف دەکات، بەتایبەتی لە ووڵاتێکدا کە "داگیرکاری تێدا بەردەوامە" بە ووتەی ئەوان. 

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە هەمان چەک "قەڵغانێکی قایم بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش".

خاڵێکی سەرەکی بەیاننامەکە جەختکردنەوەیە لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەبارەی چەکەکانیانەوە لەگەڵ "لایەنە دەرەکییەکان".

دەربارەی گفتوگۆی ناوخۆییش، دەستەکە ڕایگەیاندووە کە دانووستاندن لەسەر ئەم پرسە، تەنانەت لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش دا، تەنها دوای "بەدەستهێنانی سەروەری تەواوی ووڵات و ڕزگارکردنی لە هەموو جۆرەکانی داگیرکاری و هەڕەشەکانی" ئەنجام دەدرێت.

ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە پرسی سنووردارکردنی چەک بەدەست گرووپەکانەوە، یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ئەمریکا هەڕەشەی جدی لەوبارەیەوە گەیاندووەتە لایەنە سیاسییەکان.