پەیامی کورد ... لە هەواڵگری سەربازی یەوە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی؛ سەرۆکی ئەرکانی نوێی زێلێنسکی کێیە ؟
لە سەردەمی بوودانۆڤ، هەواڵگری سەربازی ئۆکراین بووەتە یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین چەکی هەواڵگری و سەربازی ئۆکراین لە شەڕ لەگەڵ ڕووسیادا
دوابەدوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەندری یەرماک دوای ئەوەی تێوەگلاوە لە پەرەسەندنی سکانداڵێکی گەندەڵی، ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین کریلیو بوودانۆڤی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازی ئۆکراین وەک سەرۆکی نوێی ئیدارەی سەرۆکایەتی ئۆکراین دەستنیشان کرد.
زێلێنسکی لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند، دەست بەکاربوونی بوودانۆڤ لە کاتێک دایە کە ووڵاتەکەی پێویستی بە گرینگیدانێکی زیاترە لەسەر دۆسیە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی هێزی بەرگری و ئاسایش و هەروەها ڕێبازی دیپلۆماسی دانووستان. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەزموونی بوودانۆڤ لەم بوارانەدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە.
هەروەها زیادی کرد: لەم قۆناغەدا ئۆکراین پێویستی بە زیاتر گرینگیدان بە ئاسایش و پەرەپێدانی هێزەکانی بەرگری و ئاسایش و ڕێبازی دیپلۆماسی هەیە و ئیدارەی سەرۆک کۆماریش بە پلەی یەکتر تایبەت دەبێت بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکانە، بوودانۆڤ ئەزموونی پیشەیی و توانای تەواوەتی هەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان.
یەرماک لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە سەرۆکی ئیدارەی سەرۆکایەتی ئۆکراین بووە و زۆرجار بە بەهێزترین کەسایەتی ئۆکراین لە دوای زێلێنسکی ناودەبرێت.
“سەرکردایەتی کردنی هەڵمەتێکی چڕ و پڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان”
لە کاتێکدا بودانۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازی ئۆکراین (GUR) بووە، ماڵپەڕی فێرست پۆست بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی دا، دەزگاکە لە دەزگایەکی نزمەوە گۆڕا بۆ یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین چەکی هەواڵگری و سەربازی ئۆکراین لە شەڕی لەگەڵ ڕووسیادا. بە گوتەی شرۆڤەکاران، بوژانەوەی خزمەتگوزارییەکە و مۆدێرن کردنی تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ بوودانۆڤ.
لە بەیاننامەیەکی جیادا بودانۆڤ قبوڵکردنی پۆستی سەرۆکی ئیدارەی سەرۆکایەتی ووڵاتەکەی پشتڕاست کردەوە و ووتی: بەردەوام دەبم لە خزمەتکردنی ئۆکراین و پۆستی سەرۆکی ئیدارەی سەرۆکایەتی بە قۆناغێکی نوێی بەرپرسیارییەتی نیشتمان دەزانم، ئەمەش شەرەفێکە و بەرپرسیارییەتییەکە لە ساتێکی مێژوویی دا کە ئێمە سەرنجمان لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی ئاسایشی ستراتیژی ووڵاتەکەمانە.
لە سەردەمی بوودانۆڤ دا، هەواڵگری سەربازی ئۆکراین هەڵمەتێکی چڕ و پڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە قووڵایی ڕووسیا ئەنجامدا و دامەزراوە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک و ژێرخانی ووزەیان کردە ئامانج، لەنێویان دا پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا.
هێشتا ڕوون نییە کێ لە شوێنی بوودانۆڤ دەبێتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازی ووڵاتەکە، یان لە داهاتوودا لە یەک کاتدا هەردوو پۆستەکەی بەدەست دەهێنێت.