کۆبوونەوەیەکی سووریا و ئیسرائیل لە پاریس بەڕێوەدەچێت

Dîroka Belavkirin :
کۆبوونەوەیەکی سووریا و ئیسرائیل لە پاریس بەڕێوەدەچێت
پەیامی کورد... کۆبوونەوەیەکی سووریا و ئیسرائیل لە پاریس بەڕێوەدەچێت


بەرپرسێکی ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی تری ئاگادار، دوێنێ یەکشەممە ڕایانگەیاند کە ئەمڕۆ دووشەممە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان سەبارەت بە ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنی نوێ، کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی باڵای سووریا و ئیسرائیل لە پاریس بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی هەواڵی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە.

ئامانجی وتووێژەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی، کە داماڵینی چەک لە باشووری سووریا و کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچە سوورییانە دەگرێتەوە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا کۆنترۆڵی کردبوون.

هەمان سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان بە بەشداری ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ گروپێک لە دانوستانکارانی ئیسرائیلی دوو ڕۆژ بخایەنێت.

هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو کە ئەم هەوڵانە لەلایەن تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سووریا سەرپەرشتی دەکرێت، کە ناوبژیوانی لە گەڕی نوێی دانوستانەکاندا دەکات؛ ئەم گەڕە دەبێتە پێنجەمین گەڕی وتووێژەکان، بەڵام یەکەمین گەڕە لە دوای نزیکەی دوو مانگ.