پەیامی کورد ... مایک پەنس: خۆپێشاندەرانی ئێران تەنیا نین؛ ڕۆژی ئازادی لە هەموو کاتێک نزیکترە
مایک پەنس، جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X)، پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە گەلی ئەمریکا و ملیۆنان مرۆڤ لە جیهانی ئازاددا پشتیوانییان لێ دەکەن.
پەنس لەم پەیامەدا، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێرانی بە ئیلهام بەخشی جیهان وەسف کرد و ووتی: «ئامانجی خۆپێشاندەران بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵک، لەلایەن کۆمەڵگەی ئازادی جیهانییەوە پاڵپشتی دەکرێت.»
ناوبراو بە هێنانەوەی ووتەیەکی ڕۆناڵد ڕەیگان نووسیویەتی: «هیچ چەکێک لە جیهاندا بەهێزتر لە ئیرادە و بوێری ئەخلاقی مرۆڤە ئازادەکان نییە.» هەروەها دەڵێت: «ڕۆژی ئازادی لە ئێران دا ئێستا لە هەموو کاتێک نزیکترە.»
جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە هیوا و نزای خەڵکی ئازادیخوازی جیهان لەگەڵ خۆپێشاندەرانی ئێران دایە و هەشتاگی #FreeIranی بەکار هێناوە.