عادل عەبدۆلمەهدی لە فەڕەنسا باسی باشی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێــمی کوردستان و بەغدای کرد

عادل عەبدۆلمەهدی لە فەڕەنسا باسی باشی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێــمی کوردستان و بەغدای کرد

پەیامی کورد   ...    كەمێك پێش ئێستا كۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی فەڕەنسا لە كۆشكی ئیلیزە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا كۆتایی هات

لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا، ئیمانوئێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا ڕایگەیاند: لە بۆنیادنانەوەی موسڵ هاوكاری عێراق دەكەین و یەكێكە لە خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردو وڵات، ئاسایش و ئەمنی عێراق و ناوچەكە گرنگە بۆ ئێمە و عێراقێكمان دەوێت كە ئاسایش بەدەستبهێنێت و ببێتە نمونە بۆ ئەو وڵاتانەی ئێستا بە دۆخێكی راگوزەریدا تێپەڕدەبن.

عادل عەبدولمەهدی لەو كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند: فەڕەنسا هەمیشە لەگەل ئێمەدابوە و یەكێكە لەو وڵاتانەی بە هەمو شێوەیەك پەنابەران لە ئامێزدەگرێت، هیوادارین لە یارمەتیدانی مرۆڤایەتی بەردەوامبن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی: پەیوەندیەكی مێژوییمان لەگەڵ فەرەنسا هەیە كە سەدان ساڵە بەردەوامی هەیە.
 
ئاماژەی بەوەشكرد كە چەندین جار لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا پێكەوە پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و لە ئاستێكی زۆرباشدا پێكەوە كاریان كردوە لەمەودواش ئەو پەیوەندیانە بەردەوامدەبێت، پێكەوە دژ بە داعش شەڕمانكرد و داعش ئێستا كۆتاییهاتوە، داعش ئێستا دەیەوێت بە هەمو شێوەیەك هەوڵبدات دووبارە زیندوو ببنەوە، دەبێت هەموو ووڵاتان لەگەڵ عێراق هاوكاربن دژ بە داعش.

عادل عەبدولمەهدی ووتیشی: رێگە بە داعش نادەین دووبارە كاری تیرۆر لە عێراق ئەنجامبداتەوە، هەروەك چۆن لە ماوەی ڕابردوودا لە سعوودیە و سریلانكاو چەند ناوچەیەكی دیکە كاری تیرۆریستی ئەنجامدا.

یەكڕیزی و یەكبونی سیاسی عێراق بوونەتە هۆی باشبوونی دۆخی ئەمنی عێراق، هەمو هێزەكانی ناو عێراق پێكەوە دژ بە تیرۆر جەنگاون و بەوشێوەیە توانیویانە ئاسایش بۆ عێراق بگەڕێننەوە.

سەبارەت بە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، لە ئێستادا هەولێر و بەغدا پەیوەندیەكانیان زۆر باشە و توانیومانە هەندێ پرس تێپەڕێنین، ئێستا پرسەكانی نەینەوا و شەنگال و خاڵە گومرگیەكان لە رێگەی چارەسەركردندان، بەهۆی یەكڕیزی سیاسیەوە خاڵە گومرگیەكان پێكهاتون، ئێستا ئاشتەوایی و سەقامگیری هەموو عێراقی گرتوەتەوە.

عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاند: حكومەتی ئێستا لەسەر بنەمای ئازادی و بێلایەنی پێكهێنراوە، هەریەك لە سەرۆكایەتیەكانی عێراق كەسانی بێلایەنن، جەخت لەسەر ئەمنیەتی عێراق دەكەینەوە.

سەبارەت بە بنیاتنانەوەی عێراق، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند: دوێنێ لەگەڵ ژماریەكی زۆر كۆمپانیای فەڕەنسا كۆبوینەوە و گفتگۆمان كردوە كە هەماهەنگی پێكەوە بكەین، پشت بە فەڕەنسا دەبەستین بۆ بۆنیادنانەوەی عێراق، دەبێـت عێراق ببێتە ناوەندێكی ئارام و سەقامگیری بۆ ئەوانیتر هەروەك چۆن پێشتر بەغدا ناوی دارالسلام و  دارالحكمە-ی هەبوە، ئێستاش دەمانەوێت بەغدا ببێتە ناوەندی ئاشتی و پێكەوەژیان.

عەبدولمەهدی وتیشی: وەك چۆن پێشتر كۆبونەوەی شەش قۆڵی نێوان عێراق و ئێران و كوەیت و سعودیە و ئوردن و سوریا و تركیا، لە بەغداد ئەنجامدەدرا، ئێستاش دەمانەوێت ئەو لایەنانە بەیەكەوە كۆببنەوە و دانوستان ئەنجامبدەن و ئەوەش گرنگی رۆڵی عێراق پیشاندەدات كە دەبێتـە مەركەزی ئەو وڵاتانەی رای جیاوازیان هەیە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە