نەتەوە یەكگرتووەكان : لەزیندانەكانی عێراق ئەشكەنجەدان هەیە

نەتەوە یەكگرتووەكان : لەزیندانەكانی عێراق ئەشكەنجەدان هەیە

پەیامی کورد … نەتەوە یەكگرتووەكان : لەزیندانەكانی عێراق ئەشكەنجەدان هەیە

 

لەراپۆرتێكدا نەتەوە یەكگرتووەكان عێراق تاوانبار دەكات، بەئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان لەزیندانەكانی سەرتاسەری وڵاتەكەدا، راپۆرتەكەش لەسەر بنەمای ئەو ڕووداوانەیە كە لە (1) ی حەوتی (2019) بۆ (30) ی چواری (2021) ڕوویانداوە.

 

بەپێی یاسای نێونەتەوەیی ئەشكەنجەو سوكایەتی پێكردن بە بەندكراو كارێكی قەدەغەكراوە، عێراقیش لەساڵی (2011) لەدژی ئەشكەنجەدان واژۆی لەسەر ئەو رێككەوتنە نێودەوڵەتییە كردووە.

 

لەو كاتەشەوە، یاسای نیشتیمانی داناوە بۆ ئەوەی بەكارهێنانی ئەشكەنجەدان بەتاوان هەژمار بكرێت، كێشەكە لەوەدایە حكومەت هیچ رێگری و سزایەكی ئەو كەسانەی نەداوە كە لە زیندانەكاندا ئەشكەنجەدانیان لە بەرامبەر گومانلێكراواندا بەكارهێناوە.

 

بەو هۆكارەشەوە ئەشكەنجەدان و سوكایەتی پێكردن بە بەندكراوان لەتەواوی وڵاتەكەدا بەردەوامە، ئەو هەڵسەنگاندنەش پشتی بەستووە بە زانیارییەكانی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لەلایەن نوسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی عێراق بڵاوكراوەتەوە كە پێكهاتووە لەچاوپێكەوتنی (235) دەستگیركراو.

 

لەو بارەیەشەوە وتەبێژی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافی مرۆڤ (مارتا هۆرتاكۆ) دەڵێت، نیوەی زیاتری ئەوانەی كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە، باسیان لەئەشكەنجەدان كردووە و خراپ مامەڵەكردن لەكاتی دەستبەسەركردنیاندا.

 

هەندێك لەزیندانییەكان باسیان لەوە كردووە رووبەڕووی لێدان بوونەتەوەو بە بۆری ئاسن لەلایەن هەندێك ئەفسەرەوە لێیان دراوە، یان ئەشكەنجەدان بەكارەبا، زیندانییەك باسی لەوە كردووە كە دەستیان كەلەپچە كردووەو بەسەقفدا هەڵیانواسیوە.

 

راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە كە ڕێز لەمامەڵە یاساییەكان نەگیراوە، لەكاتی لێپێچینەوەداو وتە وەرگرتندا، هەروەها لەماوەی (24) كاتژمێری دەستگیركردنی سەرەتاییدا ڕێگە نەدراوە دەستیان بە پارێزەرەكانیان ڕابگات بەر لەوەی كە وتەكانیان لێوەربگیرێت.

 

لەو بارەیەوە وتەبێژی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆرتاكۆ دەڵێت، ئەشكەنجەدان بەكاردەهێنن بۆ دانپێدانان بەزۆر، هەروەها دەست گەیشتن بە پارێزەرێك بە بەرنامە دوا دەخرێت، پاش ئەوەی لەلایەن بەرپرسە ئاسایشییەكانەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەروەها دەشڵێت لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە (17) شوێنی دەستگیركردنی فەرمی ناڕوون هەبووە.

 

هەروەها راپۆرتەكە ئەو نیگەرانیانەشی خستۆتەڕوو كە كاربەدەستانی عێراق گوێ بە سكاڵاو نیشانەی ئەشكەنجەدانەكان نەداوەو پشتگوێیان خستووە، ئەو سیستەمانەی كە دایانناوە بۆ چارەسەری سكاڵا فەرمییەكان، نە ڕەوان و نە كاریگەریشن، چاوپۆشی لەو كارانە وای كردووە رێگە خۆش بكرێت بۆ بەردەوامی ئەشكەنجەدان لە زیندانەكانی عێڕاقدا.

 

داواش لەدەسەڵاتدارانی عێراق دەكات كە لەچوارچێوەی یاسای دژایەتیكردنی ئەشكەنجەدان و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤدا رەفتار لەگەڵ زیندانی كراواندا بكەن.

 

لەسەر راپۆرتەكەش (میشیڵ باسلیت) لەنەتەوە یەكگرتووەكان وتوییەتی، رێگە گرتن لەئەشكەنجەدان، نەك تەنها بەقسەو بەنوسراو، دەبێتە هۆی هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لەماوەی درێژدەمدا، ئاكامی بەو چەشنەش لەبەرژەوەندی دەوڵەت و قوربانییەكانیشدایە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە