ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی: ١٠ پەنابەر لە سنووری بیلاڕووس گیانیان لە دەست داوە

ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی: ١٠ پەنابەر لە سنووری بیلاڕووس گیانیان لە دەست داوە


پەیامی کورد … ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی: ١٠ پەنابەر لە سنووری بیلاڕووس گیانیان لە دەست داوە

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور و كۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کە لە نزیكەوە چاودێریی ئەو بارودۆخە مرۆییە كارەساتبارە دەکەن وا لەسەر سنووری بیلاڕووس و پۆڵەندا و لیتوانیا دەگوزەرێت، ڕایانگەیاندووە، لانی كەم 10 کەس ژیانیان لەدەست داوە، لە نێویاندا‌ لاوێكی تەمەن 14 ساڵ هەیە کە بەهۆی سەرماوە ڕەق بووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لەلایەن هەرسێ ڕێكخراوەکەوە بڵاو كراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە کە لەگەڵ نزیكبوونەوەی سەرما و سۆڵی زستانێكی ‌دژوار، بارودۆخەكە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاشکرا کراوە کە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور پتر لە یەك ملیۆن فرانكی سویسرییان تەرخان كردووە بۆ كۆمەڵەی خاچی سووری بیلاڕووس و كۆمەڵەی خاچی سووری پۆڵەندا و كۆمەڵەی خاچی سووری لیتوانیا كە خۆبەخشەکان و كارمەندانیان كۆمەكی هەزاران كەسی لێقەوماو دەكەن بە خۆراك، ئاو، پەتۆ و كۆمەكی پزیشكیی پێویست.

ئاماژە بەوەش دراوە کە كۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ئەم كۆمەكانە‌ تەواو دەكات بە هاوكاریكردن لە دابینكردنی پشتگیری و شارەزایی تەكنیكی زێدەتر لەگەڵ هاوبەشەكانی دیكەی خاچی سوور، بەتایبەتی بۆ‌ هێشتنەوەی پەیوەندی لە نێوان كۆچبەران و كەسە نزیكەكانیان و پرسەكانی دیكەی پارێزگاریكردن.

لەم بارەیەوە، بریجێت ئیبیسین، بەرپرسی هەرێمایەتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور لە ئەورووپا دەڵێت: خەڵکێكی زۆر لێقەوماو ‌لەسەر سنوورەكانن كە كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتی و ژنانی دووگیان و سەدان منداڵیان تێدایەكە زۆرینەیان بەبێ باوانیان، یان ئەندامێكی خێزانیان ماونەوەتەوە و چەندان شەوە لە بارێكی دژواری سەرمادا دەخەون.

 بەرپرسی هەرێمایەتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور ئەوەشی گوتووە کە ''خۆبەخشەكانمان توانییان هەندێک كۆمەكی مرۆیی بگەیەنن، ‌ بەڵام زۆریان ‌هێشتا‌ برسی و سەرمایانە. ئەمانە دایكان، خوشكان و كوڕان و كیژانن كە ژیانیان گرنگە و‌ دەبێت بپارێزرێن و بە سۆز و كەرامەتەوە ڕەفتاریان لەگەڵدا بكرێت''.

مارتن شوێپ، بەرپرسی هەرێمایەتیی كۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سووری ئەورووپاش دەڵێت: "بۆ پارێزگاریكردنی ژیانی ئەو كەسانە و تەندروستی و كەرامەتیان و كەمكردنەوەی ژان و ئازاریان و ڕێگری لە كارەساتی زێدەتر، تەواوی هاوبەشەكانی بزووتنەوەی خاچی سوور و مانگی سوور لەگەڵ ڕێكخراوە مرۆییەكانی دیكە پێوێستیان بە گەیشتنی بەپەلە و بێكۆسپ و تەگەرە بۆ لای بەتەواوی كۆچبەران بەوانەی سەر سنووریشەوە هەیە''.

دەشڵێت: كۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور پشتگیری و شارەزایی تەكنیكی زێدەتر پێشكەشی هاوبەشەكانی خاچی سوور دەكات، بە مەبەستی یەكخستنەوەی ئەو كەسانەی كە لە خێزانەكانیان دابڕاون و پرسەكانی دیكەی پەیوەست بە پاراستنیانەوە.

مارتن شوێپ جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەبێت بەبێ گوێدان بە پێگەی یاساییان، تەواوی كۆچبەران بەتەواوی دەستیان بە كۆمەكی مرۆیی و پزیشكی بگات و پێویستە پارێزراو بن.

بەرپرسی هەرێمایەتیی كۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سووری ئەورووپا دەشڵێت: پارێزگاریكردنی نێودەوڵەتی هەبێت‌، یان گەڕانەوەی خۆویست بۆ وڵاتی خۆیان، دەبێت لە هەموو كاتێكدا مافی كۆچبەران ڕێزی لێ بگیرێت و دەسەڵاتەكانیش دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە پەرتەوازەكردنی ئەندامانی خێزانەکان و مەترسی نەخە سەر‌ كەرامەت و ژیانیان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە