پۆلیسی فیدڕاڵی واز لە دۆناڵد ترەمپ ناهێنێت..37 تۆمەتی ئاراستە كراوە

پۆلیسی فیدڕاڵی واز لە دۆناڵد ترەمپ ناهێنێت..37 تۆمەتی ئاراستە كراوە

پەیامی کورد... پۆلیسی فیدڕاڵی واز لە دۆناڵد ترەمپ ناهێنێت..37 تۆمەتی ئاراستە كراوە


بەتۆمەتی شاردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان و زانیاریی ئەتۆمی 37 تۆمەت ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كراوە.

ناوەڕۆکی ئەو سکاڵانامەیەی پەیوەست بە "بەڵگەنامە نهێنییەکان" دژ بە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئامادەکراوە، بۆ رای گشتی خرایەڕوو.

لە سکاڵانامەکەدا کە خۆی لە ٤٩ لاپەڕەدا دەبینێتەوە، سەبارەت بە "بەڵگەنامە نهێنییەکان" ٣٧ تۆمەت خراوەتە پاڵ ترەمپ کە یەکێک لەو تۆمەتانە "بە ئەنقەست شاردنەوەی زانیاریی پەیوەست بە بەرگریی نیشتمانی"یە.

تۆمەتبارکردنی ترەمپ بابەتگەلێکی وەک درکاندنی "پلانی هێرشی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)" لەخۆ دەگرێت، هەروەها بەڵگەنامەکان وردەکاریی توانای بەرگریی و چەکی ئەمریکا و وڵاتانی دەرەوە دەخاتە روو.

لەو سکاڵانامەیەدا، یاریدەدەری ترەمپ، واڵت ناوتا-یش بە چەواشەکاری و پیلانگێڕی تۆمەتبار کراوە.

- "زانیاریی ئەتۆمی" لەنێوە ئەو بەڵگەنامانەدایە کە لە ماڵەکەی ترەمپ دەستی بەسەردا گیراوە

جگە لەوەش لە سکاڵانامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە نێو ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ماڵەکەی ترەمپ دەستی بەسەردا گیراوە، "زانیاریی هەستیاری پەیوەست بە بەرگریی و ئەتۆمی ئێران" هەیە، هەروەها بەڵگەنامەیەک هەبووە کە وردەکارییەکانی توانای ئەتۆمی دەوڵەتێکی بیانی تێدایە.

پارێزەرێک کە لێدوانەکانی لە سکاڵانامەکەدا هاتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ پێشنیاری بە قاچاخکردنی هەندێک فایلی لە FBI کردووە، هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە ترەمپ بەڵگەنامە نهێنییەکانی لە شوێنە جیاوازەکانی ماڵەکەیدا هەڵگرتووە، وەک گەرماو، هۆڵ، کۆگا، ئۆفیس و ژووری نووستن.

لە لایەکی دیکەوە ئاماژە بەو گوتارانە کراوە کە ترەمپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی ٢٠١٦ سەبارەت بە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ناو دۆسیەکە پێشکەشی کردوون، ئەوەش وەبیرهێنراوەتەوە کە ترەمپ گوتوویەتی "ئەگەر هەڵبژێردرێت، سەبارەت بە بەڵگەنامە نهێنییەکان وردتر دەبێت".

- "پێشتر و ئێستاش هیچ شتێکم نەبووە بیشارمەوە"

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی Truth Socialدا رایگەیاندووە: "بایدن بۆکسەکانی خۆی لە چەندین شوێن هەڵگرتووە، بۆچی جاک سمیس کە شێت بووە سەیری ئەمە ناکات؟ تۆمارێکی ئەمنیم لە کۆشکی مارالاگۆ-وە پێداون. من پێشتر و ئێستاش هیچ شتێکم نەبووە بیشارمەوە. کەس نەیگوت رێگە نادەم سەیری ئەو تۆمارە کەسییانەم بکەن کە لە کۆشکی سپییەوە لەگەڵ خۆم هێنابووم".

ترەمپ راشیگەیاندووە: "بایدن بە درێژایی چەندین ساڵ تۆمارەکانی بەدەستەوە بووە، تەنانەت کاتێک سیناتۆر بووە ئەو تۆمارانە دزراون. بەپێی یاسای تۆمارەکانی سەرۆکایەتی، رێگەم پێدراوە هەموو ئەمانە بکەم. لە دۆسیەی کلینتۆن سۆکسدا، بڕیارەکە زۆر روونە. جگە لەوەی کە DOJ و FBI لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دژ بە من کردوویانە، هیچ تاوانێکم نییە".

- بایدن باسی ئەو بابەتەی لەگەڵ وەزیری داد نەکردووە

دوای راگەیاندنی ئەو دۆسیەیەی کە باسی لێوە دەکرێت، لەمیانی گەشتەکەیدا لە کارۆلینای باکوور لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە پرسیاری ئەوە لە بایدن کرا: "ئایا لەگەڵ داواکاری گشتیی، مێریک گارلاند قسەتان کردووە سەبارەت بەم بابەتە؟"

بایدن لە وەڵامدا گوتی: "لەگەڵ گارلاند باسی ئەوەم نەکردووە، باسیشی ناکەم، هیچ لێدوانێکم نییە سەبارەت بەوەی روویداوە".

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دوێنێ رایگەیانبوو، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی سەبارەت بە "بەڵگەنامە نهێنییەکان" کە لە کۆشکەکەی لە فلۆریدا دۆزراونەتەوە، سکاڵانامەیەک لە دژی ئامادە کراوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە