له‌ فه‌ره‌نسا نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س ده‌ستگیركران

له‌ فه‌ره‌نسا نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س ده‌ستگیركران

پەیامی کورد... له‌ فه‌ره‌نسا نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س ده‌ستگیركران


پۆلیسی فەرەنسا، ئه‌مرۆ شەممە، دەستگیرکردنی ٩٩٤ کەسی لە سەرانسەری خاکی فەرەنسا له‌ شەوی ڕابردوودا ڕاگەیاند، لە کاتێکدا ئارامی گەڕاوەته‌وه‌ بۆ گەڕەکانی نانتێر، کە ئامادەکاری دەکات بۆ به‌خاكسپاردنی کوڕە کوژراوەکە، دوای ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس، ژماره‌یه‌كی زۆر ئۆتۆمبێل و دوکان و بینا سووتێنران، هەروەها دزی له‌ فرۆشگاکان كراوه‌.

هاوکات لیوای دەستێوەردان و گەڕان کە هێزێکی تایبەتی ئاسایشی پۆلیسە، گەیشتە ده‌وروبه‌ری نانتێر.

فەرەنسا ئەمڕۆ شەممە 45 هەزار پۆلیسی لەسەر شەقامەکان جێگیرکردوه‌، دوای ئەوەی له‌شارەکانی فەرەنسا بۆ چوارەم شەو لەسەریەک بەهۆی كوژرانی هەرزەکارێکەوە لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی هه‌بوو.

شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانەکان تا شاری گراس لە باشووری فەرەنسا درێژبووەوە و دەیان گەنجی چەکدار بە چەقۆ لەوێ کۆبوونەوە.

له‌ شاری مارسیلیا چه‌ندین حاڵه‌تی تاڵانکاری ڕوویانداوه‌، لەنێویاندا کۆگایەکی چەک کە تفەنگی ڕاوکردنی تێدا بوو تاڵانكراوه‌، ئەمەش وایکرد سەرۆکی شارەوانی شارەکە بانگەواز لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بکات بۆ ناردنی هێزی ئەمنی زیادە بۆ پاراستنی نەزمی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوەی توندوتیژی و دزیکردن.

وەزارەتی ناوخۆی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند: نزیکەی هەزار و ٣٥٠ ئۆتۆمبێل ئاگریان تێبەردراوە و ٢٣٤ باڵەخانە سووتێنراون یان تێکدراون، هەروەها دوو هەزار و ٥٦٠ ئاگرکەوتنەوە لەسەر ڕێگا گشتییەکان تۆمارکراوە.

ڕووداوی کوشتنی ئەو گەنجە جەزائیرییە تەمەن ١٧ ساڵە له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌، له‌ پاریسیش خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌. قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە ڕاگەیەندراو و گواستنەوەی گشتی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگیرا. هەروەها رێكاری ئه‌منی توند گیراوه‌ته‌به‌ر له‌ شه‌قامی شانزەلیزەی پاریس، لە ترسی زیادبوونی ئاژاوەگێڕییەکان لەو وڵاتە.

لای خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ئیدانەی ئیستغلالکردنی مردنی ئەو هەرزەکارەی کرد بۆ زیادبوونی توندوتیژی و بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

نائارامی لە سەرانسەری فه‌ره‌سنا لە شارەکانی وەک مارسیلیا، لیۆن، تۆلۆز، ستراسبۆرگ و لیل و هەروەها پاریس سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ دوای كوژرانی نایل ئێم تەمەن ١٧ ساڵ کە بە ڕەچەڵەک جەزائیری-مەغریبی دێت، كه‌ ڕۆژی سێشەممە لە گەڕەکی نانتێر لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکراو كوژرا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە