پەیامی کورد ... عێراق/ لە ١٠ مانگدا ٣٧٥ کەس خۆیان کوشتووە
بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 375 كەس لە عێراق كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا فازڵ غەراوی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، ئاشکرای کردووە ژمارەی ئەو كەسانەی لە سەرتاسەری عێراق لە 10مانگی ساڵی 2020دا كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، 375 كەس بوونە.
بەپێی ئامارەکە لەو ژمارەیە، 168 كەسیان لە ڕەگەزی نێر بوون، هاوکات 153 كەسیشیان لە ڕەگەزی مێ و حەوت كەسی دیكەیان میرمنداڵ بوون.
ئەو ئەندامەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، زۆرترین حاڵەتی خۆكوشتن لە پارێزگای بەغدا تۆمار كراوە كە 68 حاڵەت بووە، پارێزگای بەسڕەش بە 47 حاڵەتی خۆكوشتن لە ڕیزبەندیدا پلەی دووەمی هەیە.
غەراوی ئاشکرای کردووە: "خۆهەڵواسین، بەكارهێنانی چەك، خۆ خنكاندن، بەكارهێنانی ژەهر و خۆسووتاندن دیارترین ڕێگاكانی خۆكوشتن بوون".
لەبارەی هۆكارەكانی خۆكوشتن لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەو هۆكارانەی پاڵنەر بوون بۆ خۆكوشتن زۆربەیان حاڵەتی دەروونی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، كە زۆربەشیان لەنێو خێزانە هەژارەكان ڕوویانداوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە