بایدن: ١٠٠ هەزار ئۆکراینی وەردەگرین

بایدن: ١٠٠ هەزار ئۆکراینی وەردەگرین

پەیامی کورد... بایدن: ١٠٠ هەزار ئۆکراینی وەردەگرین

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە پاڵپشتی هێزەکانی ئۆکراینا بەردەوام دەبن و زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئۆکراینیش وەک پەنابەر وەردەگرن.

(جۆو بایدن) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ ڕایگەیاند، یەک بلیۆن دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە ئۆکراینا و هاووڵاتییانی دەکەین کە بەهۆی ئەم جەنگەوە زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی بوون.

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: بڕیاریشمان داوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی لە وڵاتەکەمان وەک پەنابەر وەربگرین بە شێوەیەک هیچ خێزانێکی ئۆکراینی لە یەکتر دانەبڕێنین.

بایدن باسی لەوەشکرد، زیاتر لە (٣٢٠) ملیۆن دۆلار پێشکەش بە ئۆکراینا دەکەین تا پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ بکات و دووبارە ئۆکراینا بە بەهێزترو جوانتر خۆی بنیات بنێتەوە، لەگەڵ تەواوی ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا و کۆمەڵەی وڵاتانی G٧، بڕیاری پێشکەشکردنی هاوکاری بە کیێڤ لە ڕووی پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتایییەکانی وەک خۆراک و وزە دووپات کردووەتەوە.

لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکی ڕووسیا وتی: پۆتین وای دانابوو ناتۆ لەت بووە، لە ماوەی گفتوگۆکانم لەگەڵ ئەودا لە کانوونی یەکەم و کانوونی دووەم، بۆم ڕوونبووەوە کە ئەو بیری لەوە نەدەکردەوە ئێمە بەم شێوەیە یەکگرتوو دەبین.

وتیشی: ناتۆ هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ یەکگرتوو نەبووە، پۆتین ڕێک پێچەوانەی ئەو ئەنجامەی دەستکەوت کە پێشبینیی دەکرد لە چوونە نێو ئۆکراینا دەستیدەکەوێت، ئێمە هەمان ئەو یەکگرتنەمان لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا و وڵاتە پێشەنگە دیموکراسییەکانی G٧ دا دروست کردووە. باسی لەوەشکرد، سزای نوێمان شانبەشانی یەکێتی ئەورووپا و هاوبەشەکانمان بەسەر ڕووسیادا داوە و سزاکانیشمان ٤٠٠ کەس و شوێن دەگرێتەوە بەتایبەتیش ٣٠٠ پەرلەمانتاری ڕووسی و کۆمپانیا سەربازییەکان کە پێداویستی سەربازی بۆ ڕووسیا دابین دەکەن.

ئاشکراشیکرد: لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا بە ١٠٠ هەزار سەربازەوە پارێزگاری لە سنوورەکانی ناتۆ دەکات و چوار خاڵی نوێی سنووری ناتۆ لە هەنگاریا، سلۆڤاکیا، بولگاریا و ڕۆمانیا کردووەتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە