بە هۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە هاوپەیمانان داوایەکی گرینگ ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن

بە هۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە هاوپەیمانان داوایەکی گرینگ ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن

پەیامی کورد     ...    بە هۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە هاوپەیمانان داوایەکی گرینگ ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن

راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی گوتی، داعش بە شێوەیەكی مەترسیدار جمووجۆڵیان زیادی كردووە و ھاوپەیمانانیش ھەستیان بەو مەترسییە كردووە و ماوەی ١٠رۆژە بەردەوام مۆڵگەكانی داعش بۆردومان دەكەن، ئەوان دەزانن ئەگەر عێراق چارەی ئەو دۆخە نەكات و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان نەكات، دۆخەكە خراپ دەبێت و عێراق بەرەو وێرانبوون دەچێت.

بابەكر زێباری، رایگەیاند: "راستە لە ئێستادا داعش وەكوو پێشتری لێ نەھاتووەتەوە، بەڵام ئەگەر رێگرییان لێ نەكرێت و بەو شێوەیە جموجۆڵیان لە زیادبووندا بێت و كردەوە ئەنجام بدەن، وەك پێشوویان لێ دێتەوە، چوونكە لە دیالە و كەركووك و سەڵاحەددین و ئەنبار، خەڵكێكی زۆر گەیشتوونەتە داعش و ژمارەیان زۆر زیادی كردووە، كە بە رۆژ خەڵكی ئاسایین و بە شەو داعشن، ئەوانیش زیاتر لەو ناوچانە خۆیان رێك دەخەنەوە، كە بۆشایی ئەمنی هەیە.

زێباری ووتیشی، داعش بە شێوەیەكی مەترسیدار سەری ھەڵداتەوە و ھاوپەیمانانیش ھەستیان بەو مەترسییە كردووە و لە ھەفتەی ڕابردووەوە بەردەوام مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن، چوونكە ئەوان باش ھەست بە مەترسی دەكەن و دەزانن داعش جمووجۆڵ و كردەوەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق زیادی كردووە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ھاوپەیمانان زانیاری تەواویان لەسەر جموجۆڵی داعش ھەیە و ھەست بەو مەترسییە دەكەن، بۆیە دەیانەوێت ھەرێم و بەغدا رێككەوتن بكەن و پابەندی رێككەوتن بن، بۆ ئەوەی لەو ناوچانە ھەماھەنگییان ھەبێت.

راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی روونیشی كردەوە، ھاوپەیمانان ھاوكارن بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا لە بواری سەربازیدا بگەنە رێككەوتن، بەڵام ناتوانن لەسەریان فەرز بكەن و حكوومەتی عێراقیش یەك دەنگ نییە و چەندین ڕای جیاوازن، بۆیە تائێستا پابەندی رێككەوتنەكان نابن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، كە بێگومان ئەگەر عێراق سەركردایەتییەكی یەكگرتووی نەبێت و چەك تەنھا لە دەست خۆی بێت و لەگەڵ پێشمەرگە ھەماھەنگی نەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان، عێراق وێران دەبێت و دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت لە رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا.

دەشڵێ، ئەگەر داعش بەو شێوەیە لە كاری خۆی بەردەوام بێت، ھاوشێوەی ڕابردووی لێ دێتەوە، بەڵام جارێ دەرفەت ماوە رێگریی لێ بكرێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە