ئیلهام ئەحمەد: ڕووداوەکانی ئێستای سووریا مەترسی بۆ سەر وڵات و ناوچەکە دروست دەکەن

Dîroka Belavkirin :
ئیلهام ئەحمەد: ڕووداوەکانی ئێستای سووریا مەترسی بۆ سەر وڵات و ناوچەکە دروست دەکەن
پەیامی کورد- قامیشلۆ... ئیلهام ئەحمەد: ڕووداوەکانی ئێستای سووریا مەترسی بۆ سەر وڵات و ناوچەکە دروست دەکەن

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە ڕووداوەکانی ئێستای سووریا مەترسی بۆ سەر وڵات و ناوچەکە دروست دەکەن و دەستێوەردانی دەرەکی زیاد دەکەن، هەروەها ئەگەری هەیە تیرۆر جارێکی دیکە بۆ دەرەوەی سووریا هەناردە بکرێتەوە.

ئەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "زووم"ـەوە بەڕێوەچوو، جەختی لەوە کردەوە کە "حکوومەتی گواستنەوەی سووریا بەرپرسیاری یەکەمە لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شێخ مەقسوود بە شەڕێکی ڕاگەیاندن دژی گەڕەکە کوردنشینەکان دەستی پێکرد"، و ڕوونی کردەوە کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەت لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ئەو دوو گەڕەکەیان لە حەلەب کردبووە ئامانج و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی "قەیران".

ئیلهام ئەحمەد وتیشی: "وەزارەتی بەرگری سووریا بە فەرمی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕاگەیاند"، و ئاماژەی بەوە کرد کە "هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بەپێی ڕێککەوتنی ١ی نیسان لەو دوو گەڕەکەیە پاشەکشەی کردبوو، بەڵام حکوومەت وا نیشانی دەدا و پڕوپاگەندەی دەکرد کە هەسەدە لەوێیە و هێرشێکی توندی دەستپێکرد کە نزیکەی ٨٠ تانک تێیدا بەشدار بوون".

ئاشکرای کرد کە "نزیکەی ٤٨ کەس لە هێرشەکانی حکوومەت بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە گیانیان لەدەستداوە، و ١١٨ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها چارەنووسی دەیان کەس تا ئێستا نادیارە".

باسی لەوەش کرد کە "گروپە هێرشبەرەکان پێشێلکاریی قێزەونیان لە حەلەب ئەنجامداوە"، و ڕوونی کردەوە کە چەکدارانی ڕێکخراوی "داعش" و چەکدارانی "ئۆیغۆر" و گروپە تورکییەکان و چەکدارانی بیانی بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ئیلهام ئەحمەد وتی: "یەکێک لە مەرجەکانی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەسەر سووریا پاراستنی کەمینەکان و دوورخستنەوەی بیانییەکان بوو، بەڵام حکوومەت تا ئێستا بە پێچەوانەوە مامەڵەی کردووە و هێرشی کردووەتە سەر عەلەوییەکان، درووزەکان، مەسیحییەکان و ئێستاش کوردەکان". داوای لە حکوومەتی ئەمریکا کرد "هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە حکوومەتی سووریا ڕوون بکاتەوە کە کۆمەڵکوژی دژی کورد ئەنجام دەدات"، ئاماژەی بەوەش کرد کە کورد هیچ زیانێکیان بە حکوومەتی سووریا و هیچ لایەنێکی دیکە نەگەیاندووە، تەنها ئەوە نەبێت کە ناوچەکەیان لە دەست داعش پاراستووە.

لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە ئەوان لەگەڵ دیالۆگ و بەردەوامبوونی دانوستانەکاندان، بەو مەرجەی هێرشەکان ڕابگیرێن و گەرەنتی پاراستنی کورد لە حەلەب و عەفرین بکرێت.