د.محەمەد شوکری باسی وردەکاری بەشداری شاندی ھەرێم لە کۆڕبەندی داڤوس دەکات

Dîroka Belavkirin :
د.محەمەد شوکری باسی وردەکاری بەشداری شاندی ھەرێم لە کۆڕبەندی داڤوس دەکات
پەیامی کورد    ...   د.محەمەد شوکری باسی وردەکاری بەشداری شاندی ھەرێم لە کۆڕبەندی داڤوس دەکات

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی داڤوس  دەکات، ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، کوردستان ھاوس دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتری وەبەرھێنان و بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بڕەخسێت و کوردستان لە پێنج ساڵی داھاتوو ببێتە سویسرای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست."

د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ووتی "ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند ساڵە وەکوو شاندێکی فەرمیی بەشداری لە کۆڕبەندی داڤوس دەکات، کە گرینگییەکی تایبەتی ھەیە چونکە گەورەترین کۆڕبەندی ئابوورییە لە جیھان، بۆیە بەشداری ھەرێمی کوردستان وەکوو میحوەرێکی سەرەکی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گرینگی ھەرێمی کوردستان پێشاندەدات."
د.محەمەد شوکری ووتیشی "لەپاڵ بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەمیشە شاندێک لە وەبەرھێنەر و بازرگانانی ھەرێمی کوردستان ئامادە دەبن، ئەمە سێ ساڵە لەسەر یەک کوردستان ھاوس بەھەماھەنگی لەنێوان نووسینگەی سەرۆک وەزیران و دەستەی وەبەرھێنان کوردستان درووست دەکرێت، لەوێ سەرۆکی حکوومەت کۆبوونەوە لەگەڵ وەبەرھێنەری بیانی دەکات، چەند پانێلێکی تایبەتیش پێشکەش دەکرێت، ئەمە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان زیاتر بناسێندرێت و بەباشی سوود لە دەرفەتی ئابووری و سیاسی وەربگرین و کاری بزنس لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ خەڵکی دەرەوە فراوانتر بکرێت، لە دووساڵی ڕابردوو دەیان بازرگانی ئێمە بەشداربوونە و دەیان کاری بازرگانی لە ھەرێم کراوە، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان."
دەشڵێت "لەو کۆڕبەندە لەپاڵ دەرفەتی سیاسی دەرفەتی ئابووریش دەدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی کوردستان بەھێزتر بێت و زیاتر پڕۆژەی لێ ئەنجام بدرێت و لەگەڵ سیستەمی دنیا بگونجێت و خزمەتی باشتری ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکرێت و لە پێنج ساڵی داھاتوو ھەرێمی کوردستان ببێتە سویسڕای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست."