پەیامی کورد ... سهرۆکی ھەرێمی کوردستان : ئاڵای کوردستان، ناسنامە و کۆکەرەوهى گهلى كوردستانه
چوارشەممە 17/12/2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی ئاڵای كوردستان دا كرد كە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ووتارێكی پێشكەش كرد، ئهمه دهقهکهیهتی:
هاووڵاتییانی خۆشەویست،
کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێت.
ئەمڕۆ کە یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە، تەنها یادکردنەوەی ڕۆژێک نییە لە ساڵنامەدا؛ بەڵکوو ئەمڕۆ نوێکردنەوەی پەیمانە بۆ ئەو هێمایەی کە ناسنامەی بوون، مێژوو، خەبات و ئاواتەکانمان بۆ ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە بەرجەستە دەکات.
ئاڵای کوردستان، ناسنامە و کۆکەرەوهى گهلى كوردستان و یادەوەرییەکی زیندووە. ئەم ئاڵایە شایەدی ڕێگایەکی دوور و درێژی پشوودرێژی و خۆڕاگری گەلەکەمانە. لە ڕۆژانی سەختی خەبات دا، لەسەر لووتکەی چیاکان و لەناو شار و گوندەکان دا، ڕۆڵەکانتان ئەم ئاڵایەیان بە بەرزی ڕاگرت و بە خوێنی خۆیان، بە خەباتی خۆیان، پارێزگارییان لە مافی مانەوە و ژیانی گەلەكەیان کرد.
ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەبینین ئەم ئاڵایە لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانە و ناوەندەکان دەشەکێتەوە. ئەمە بەڵگەی ئەو سەرکەوتنەیە کە بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگری گهلى كوردستان به ههموو پێكهاتهكانییهوه، بەدەست هاتووە.
كوردستانییانى ئازیز،
لە ڕۆژی ئاڵادا، پەیامی ئێمە ڕوونە: هێزی ڕاستەقینەی کوردستان لە تهبایى و پێكهوهیى و یەک ڕیزیمان دایە. ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە، بە جیاوازی بیروڕای سیاسی و ئایینی و نەتەوەیییەوە. لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا، دەبێ هەموومان شان بە شان کار بکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و پێكهاتەكانی كوردستان، دادپەروەرتر و بەهێزتر بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکان.
وەفاداری ڕاستەقینە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانییهكانى گهلى كوردستان تەنها و تەنها بە درووشم نابێت، بەڵکوو بە پاراستنی دەستکەوتەکان، بە چەسپاندنی سەروەری یاسا، بە بونیاتنانی دامەزراوەی بەهێز و بە خزمەتکردنی باشترى هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
گەنجانی خۆشەویستى كوردستان،
ئاڵای کوردستان تەنها سیمبولی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ئاڵای داهاتووە. ئەمە پەیامی هیوا و ئومێدە بۆ ئێوە. نیشتمان پێویستی بە زانست، بە ووزە، بە داهێنان و خەونی ئێوەیە. کوردستان بە زانست و زانین، بە کار و کۆشش، بە ئابوورییەکی بەهێز و بە ئاشتی ئاوەدان دەکرێتەوە.
لە کاتێک دا بە شانازییەوە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا پابەندیی خۆمان بە هاوبەشیی دەستووری لە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی دا دووپات دەکەینەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەم ئاڵایە هەمیشە پەیامی ئاشتی، گفتوگۆ، پێکەوەژیان و دراوسێیەتی باش بگەێنێت. کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و پردی لێک تێگەیشتن دەبێت.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین کە ئەم ئاڵایەیان بە خوێنی خۆیان نەخشاندووە.
سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان کە پارێزەری ئەم خاک و ئەم ئاڵایەن.
پەیمان دەدەین کە هەمیشە پارێزەری یەکڕیزی و دەستکەوتەکانمان بین و ئاڵای کوردستان بە بەرزی و شەکاوەیی ڕابگرین.
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
زۆر سوپاس.
