سەرکردەیەکی "ئەنەکەسە": شاندە هاوبەشە کوردییەکە بەم زووانە سەردانی دیمەشق دەکات

Dîroka Belavkirin :
سەرکردەیەکی "ئەنەکەسە": شاندە هاوبەشە کوردییەکە بەم زووانە سەردانی دیمەشق دەکات
پەیامی کورد- قامیشلۆ... سەرکردەیەکی "ئەنەکەسە": شاندە هاوبەشە کوردییەکە بەم زووانە سەردانی دیمەشق دەکات

سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی (ئەنەکەسە) ڕایگەیاند، شاندە هاوبەشە کوردییەکە کە لە کۆنفرانسی "یەکڕیزی و هەڵوێستی کورد" پێکهاتووە، لە ماوەی ئەم مانگەدا (شوبات) سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریا دەکات.

ئۆسۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ڕووداو)ی کوردی وتی: "شاندە هاوبەشە کوردییەکە لە ماوەی ئەم مانگەدا سەردانی دیمەشق دەکات".

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی گواستنەوە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا کردبوو، ئەوەش دوای کۆبوونەوەیەک کە لەگەڵ ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوە ئەنجامیان دابوو.

سلێمان ئۆسۆ، کە خۆی ئەندامی شاندە هاوبەشە کوردییەکەشە، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای گەڕانەوەیان بۆ قامیشلۆ، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەندامانی دیکەی شاندە هاوبەشە کوردییەکە ئەنجام دەدەن.

ڕوونی کردەوە کە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، باسیان لە دۆسیەی سەرێکانیێ و گەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە و وتی: "باسی بابەتی سەرێ کانیێ و گەڕانەوەی ئاوارەکانمان کرد، و ئەلشەیبانی بەڵێنی دا کە ئاوارەکان لە زووترین کاتدا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".