پەیامی کورد- کۆبانێ... کۆبانێ... قوتابخانەکان داخراون بەهۆی گۆڕینیان بۆ ناوەندی حەوانەوەی ئاوارەکان
دەستەی پەروەردە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر لە کۆبانێ، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، کە هەموو قوتابخانەکانی ناو شاری کۆبانێ، کە ژمارەیان ١٧ قوتابخانەیە، داخراون دوای ئەوەی گۆڕدراون بۆ ناوەندی حەوانەوە بۆ ئاوارەکان.
شیرین عەبدی، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە لە کۆبانێ، ڕاگەیاند، پرۆسەی خوێندن لە شارەکەدا لە ١٥ی کانوونی دووەمی ڕابردووەوە ڕاگیراوە.
وتیشی: "بڕیار بوو پرۆسەی خوێندن لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا دەست پێ بکات، بەڵام بەهۆی بارودۆخی شەڕ و گۆڕینی قوتابخانەکان بۆ ناوەندی حەوانەوەی ئاوارەکان، پرۆسەی پەروەردە وەستا".
عەبدی ڕوونی کردەوە کە ٧٢ هەزار قوتابی لە کۆبانێ و گوندەوارەکانی، لە خوێندن بێبەش بوون دوای ئەوەی قوتابخانەکان بوونەتە ناوەندی حەوانەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە کۆبانێ، سڕین، قەنایە و عەین عیسا ٥٧٢ قوتابخانە هەن کە ٤١٩٠ کارمەندیان تێدا کاریان دەکرد، و ئێستا لە کارکردن وەستاون".
بەپێی وتەی هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە لە کۆبانێ، کۆی گشتی ئەو قوتابخانانەی سەر بە ئیدارەی قوتابخانەکانن لە کۆبانێ و گوندەوارەکانی، دەگاتە ١٠٦ قوتابخانە.