سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق کرد

Dîroka Belavkirin :
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق کرد

ڕۆژی چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 لە پیرمام مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جاشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە ئەمریكا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا و هەروەها بە چاوی ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەكات هەر لە 2003 هەتا ئێستا و لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسی عێراقیش دا. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە ووڵاتەكەی خوازیاری شەراكەتی ستراتیژییە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستانە و پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بەرژەوەندییەكانی لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی تر بێت بۆ ئەوەی ئەمریكا بتوانێ پەرە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ عێراق بدات.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەمیشە خوازیاری ئەوە بوونە لە عێراق دا یاسا و دەستوور باڵادەست بن و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای سەرەكی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بێت. بە گرینگیشی زانی لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا ڕەچاوی ئەو سێ بنەمایە بكرێن و دەستوور جێبەجێ بكرێت و كۆتایی بەو مامەڵە نابەجێیە بهێندرێت كە لەگەڵ گەلی كوردستان لەسەر بابەتی بودجە و بابەتەكانی تر دەكرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێیەكانیدا هەبێت.

بارودۆخی سووریا و پڕۆسەی سیاسی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.