پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی نوێی پۆلەندا لە هەولێر کرد
ڕۆژی چوارشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ماچیج زایدڵ کونسووڵی گشتی نوێی پۆلەندا لە هەولێر کرد.
لەدیدارەکەدا کونسووڵی گشتی پۆلەندا لە هەولێر خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە دیداری جەنابی سەرۆك بارزانی، و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پۆلەندا لە هەموو بوارەکاندا. هەروەها کونسوڵی پۆلەندا دڵخۆشی خۆی نیشاندا بۆ ئەو پێشڤەچوونانەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە بینیوە و ستایشی ڕۆل و پێگەی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، هەروەها ستایشی خۆڕاگری و تێکوشانی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و نەهامەتیانەی لە ڕابردوودا بەسەریاندا هاتووە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی لە کونسووڵی نوێی پۆلەندا لە هەولێر کرد و پشتیوانی خۆی و هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی پەیوەندی دوولایەنە. هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لەو نەهامەتیانە کرد کە لە ڕابردوودا بەسەر گەلی پۆلەندا دا هاتوون، بەڵام بە یەکگرتوویی و تێکۆشانیان توانیان بەسەر ئاستەنگەکان دا زاڵ بن و بگەن بە ئەمڕۆ کە پۆلەندا بوەتە یەکێک لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەورووپا و جیهان.
دۆخی ناوچەکە و عێراق بە گشتی و مێژوو و خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، و باسکردن لە سرووشت و دیمەنی جوانی ناوچەکانی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.