سەرۆکی ئەرکان سەردانی میحوەری پێنجی پێشمەرگەی لە پردێ کرد

Dîroka Belavkirin :
سەرۆکی ئەرکان سەردانی میحوەری پێنجی پێشمەرگەی لە پردێ کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی ئەرکان سەردانی میحوەری پێنجی پێشمەرگەی لە پردێ کرد

پێنجشەممە، ١٩ی شوباتی ٢٠٢٦، فەریق رۆکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە یاوەری لیوا رۆکن ھۆشمەند حیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت، بەڕێوبەری جمووجۆڵی سەربازی و بەڕێوبەری گشتی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی سەربازی و کارگێڕی، سەردانی میحوەری پێنجی ھێزی پێشمەرگەی کرد و لەلایەن نووری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەر و جێگرانی میحوەر و ئەفسەرانەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێک دا، دۆخی سەنگەرەکانی بەرگری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و پەڕەپێدانی توانای سەربازی ھێزی پێشمەرگەی لە سنوورەکە لەگەڵ فەرماندەی میحوەر و ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگە خرایە بەرباس.

دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر پێداویستیەکان و چۆنیەتی دابین کردنی داواکارییەکانی میحوەر و ھەروەھا شێوازی ھەماھەنگی و مامەڵەکردنی میحوەر لەگەڵ ئەو یەکە سەربازییە نوێیانەی لە چوارچێوەی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی ھێزەکاندا درووست بوون.

لە تەوەری کۆتایی ئەو سەردانەدا، سەرۆکی ئەرکان سەردانی لیوای ٢٥ی پیادەی کرد و لەلایەن جێگری لیوا و ئەفسەرانەوە پێشوازی کرا و لە نزیکەوە بارودۆخی سەنگەرسازی خاڵەکانی پێشمەرگەی لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە شیکردەوە و جەختی لە تۆکمەیی سەنگەرەکانی بەرگری پێشمەرگە کردەوە و ورەبەرزی ھێزی پێشمەرگە و پابەندبوون بە دیسپلینە سەربازییەکانی بەرز نڕخاند.