پەیامی کورد ... لیندزی گراهام : بڕیار لەسەر ئێران دراوە و خاڵی وەرچەرخان تەنها چەند هەفتەیەکی ماوە
لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان، لە لێدوانێکی توونددا بۆ کەناڵی "سکای نیووز عەرەبی" ئاشکرای کرد کە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دراوە.
گراهام ئاماژەی بە کۆبوونەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کرد لە ناوچەکە و ووتی : "ئەم هەموو کەشتیانە لەبەر ئەوە نەهاتوون کە کەش وهەوا لەم کاتەی ساڵدا خۆش بێت". ناوبراو جەختی لە پێویستی ئەنجام دانی کردەوەی سەربازی دژی تاران کردەوە و ڕایگەیاند کە توانای سەربازی لە ئێستادا بۆ ئەو مەبەستە ئامادە دەکرێت.
ئەم سیناتۆرە ئەمریکییە باسی لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی واشینتۆن و تەل ئەڤیڤ کرد بۆ لاوازکردنی تواناکانی ئێران، بەتایبەت لە پرسی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە. گراهام ووتی : "گۆڕانی ڕاستەقینە بەبێ قوربانیدان نابێت، ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان دۆخەکە دەگۆڕین و هاوکارییەکان بۆ گەلی ئێران دەبنە واقیع."
گراهام هۆشداری دا کە کاتێکی زۆر لەبەردەم دیپلۆماسی دا نەماوە و ڕایگەیاند : "خاڵی وەرچەرخان تەنها چەند هەفتەیەکی ماوە نەک چەند مانگێک، هەر بۆیە من ئێستا لێرەم."