پەیامی کورد ... ووردەکاری قۆناغێکی نوێی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لە مانگی مارس بڵاودەکرێتەوە
سەرۆکی کۆمیسیۆنی بووژانەوەی قەڵای ھەولێر ڕایدەگەێنێت، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ دا و بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قۆناغێکی نوێی نۆژەنکردنەوەی قەڵات دەست پێدەکات کە نیشتەجێ کردنەوەی خێزانەکان و کردنەوەی بەشێک لە شوێنە گشتییەکان لەخۆ دەگرێت.
د. یادگار محەمەد سەلیم، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بووژانەوەی قەڵاتی ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: "لە ڕێکەوتی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٦، پڕۆژەیەکی بەرفراوان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر بە ھاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی یونسکۆ دەست پێدەکات. ئەم پڕۆژەیە چەندین بڕگەی گرینگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە:"
نۆژەنکردنەوەی ڕەفەکانی بەرامبەر دەرگای باشوور و ناوچەی سەرووی چایخانەی مەچکۆ.
بەردڕێژکردنی چەند ناوچەیەک و نۆژەنکردنەوەی دیوارە داڕماوەکان.
نۆژەنکردنەوەی ستوونەکانی ناو قەڵات و چەند خانوویەک لە دیوی مافوور فرۆشەکان.
د. یادگار ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی حکوومەت بە سیستەم کردنی قەڵاتە پێش کردنەوەی بە ڕووی گشتی دا. سەبارەت بە نیشتەجێ بوون ووتی : "پلانمان ھەیە دوای تەواوبوونی کارەکان، ٥٠ خانەوادە بەپێی میکانیزمێکی تایبەت لە ناو قەڵات نیشتەجێ بکرێنەوە. ئێستا ٤٠ خانوو ئامادەن، بەڵام بۆ کاروباری کارگێڕی و سەنتەرەکان بەکاردێن."
سەبارەت بە بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بووژانەوە جەختی کردەوە کە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر، بەرنامەیەکی تایبەت بۆ ڕازاندنەوە و پیرۆزبایی جەژن لە ناو قەڵات ئامادە دەکرێت، کە ووردەکارییەکانی لە داھاتوویەکی نزیکدا ڕادەگەێندرێت.