پەیامی کورد... سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: کردنە ئامانجی کورد لە حەلەب، دیمەشق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم پرسیارەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە کردنە ئامانجی کورد لە شاری حەلەب، دیمەشق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم پرسیاری جدییەوە.
بارزانی هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی شەڕ و توندوتیژی و هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی کە هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەن.
هەروەها وتی: "کردنە ئامانجی کورد بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و هەڕەشەکردن لە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە."
بارزانی ڕوونی کردەوە: "شەڕ و توندوتیژی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ هیچ کێشەیەک نین و نابێت بە هیچ بیانوو و پاساوێک ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدرێت. هێرشکردنە سەر ئەو گەڕەکانەی کورد لە شاری حەلەب تێیدا نیشتەجێن، جێگەی نیگەرانیی قووڵی ئێمەیە."
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی مەدەنییەکان و وتی: "هیوادارین هەموو لایەنەکان دان بەخۆدا بگرن و ژیانی هاووڵاتیان بپارێزن، و پەنا بۆ دیالۆگ و وتوێژ ببەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
هەروەها هیوای خواست کە حکوومەتی کاتیی سووریا بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەرامبەر بە هەموو هاووڵاتیان جێبەجێ بکات و وتی: "هیوادارین سیستەمی حوکمڕانیی ئێستا لە سووریا لە ئاستی بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتێکی دیموکراسی و گشتگیردا بێت بۆ هەموو سوورییەکان."